فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە

 

فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان

فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە مانگی ئه‌یلوولی ٢٠٠٦ لەژێر ڕۆشنایى بریاڕى تایبەتى ژمارە (١٤٣) سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران دامەزرا. ئه‌ركی سه‌ره‌كی ئه‌م فه‌رمانگه‌یه‌ دامەزراندن و پته‌وكردنی پەیوەندییەکانى هه‌رێمه‌ لەگەڵ کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتى. فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە بۆتە بەشێکى سەرەکى لە پێکهاتەى حکوومەتی هه‌رێم و بەرپرسیاریەتییه‌كی گەورەى لەسەر شانه‌، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ حکوومەتى هەرێمى کوردستان توانیویەتى چه‌ندین نوێنەرایەتى له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهانی بكاته‌وه‌.

فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکوومەتى هه‌رێم له‌ چوارچێوه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌، به‌رژوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌ په‌شت به‌ستن به‌ یاساكانی هه‌رێم و ده‌ستووری كۆماری عێراقی فیدڕاڵ ده‌پارێزێت.

ئەرکە سەرەکییەکانى فەرمانگە بریتین لە:

  • پتەوکردنى پەیوەندیی دوولایەنە لەگەڵ کۆمەڵگه‌ى نێودەوڵەتى.
  • پتەوکردنى پەیوەندییە بازرگانى، وەبەرهێنان، گەشتیارى و دامەزراوەیى لەگەڵ دونیاى دەرەوە.
  • چاودێریکردنى نووسینگەکانى حکومەتى هەرێم لە دەرەوە.
  • هەماهەنگى لەگەڵ کونسوڵخانه‌كانی وڵاتانی بیانى لە هەرێمى کوردستان.
  • ڕێکخستنى سەردانە فەرمییەکانى شاندە بارزگانى و سیاسییەکانی بیانی بۆ هەرێمى کوردستان.
  • رێكخستن و پشتگیریکردنى ئەو چالاکییانەى دەبنە هۆى بەرەو پێشبردنى پێگەى هەرێم لە دەرەوە.
  • هەماهەنگى و ڕێکخستنى پەیوەندییەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ وەزارەتى دەرەوەى عێراق و باڵێوزخانەكانی ئه‌م وڵاته‌ لە دەرەوە.
  • هەماهەنگى و پشتگیریکردنى ئه‌و چالاکییانه‌ی كه‌‌ یارمه‌تیده‌رن بۆ به‌هێزكردنی پێگەى هەرێمى کوردستان لە دەرەوە.
  • هەماهەنگى لە نێوان دامەزراوەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و كومەڵگه‌ى نێودەوڵەتى.
  • پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى یاسایى و راستکردنەوەى بەڵگەنامەکان بۆ هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان لە دەرەوە.

ئامانجە سەرەکیەکانى فەرمانگە بریتین لە:

  • پاراستن و پێشخستنى بەرژەوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و هاوڵاتیانى لە دەرەوە.
  • هاندان و بەرزکردنەوەى ئاستى پەیوەندییە سیاسى و ئابوورییەکانی هه‌رێم لەگەڵ کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتى، بە تایبەتى لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ لە ڕوانگەى پێشخستنی ئاشتى، سەقامگیریی سیاسی، پەرەپێدانى بازرگانی و به‌رژوه‌ندیی هاوبه‌ش.
  • پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى کونسوڵگەرى و راوێژى یاسایى بۆ هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان.

فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە ئاسانکارى ده‌كات بۆ وەزارەتەکانى حکوومەتى هەڕێم و فەرمانبەرانى بۆ به‌شداریكردنیان لە كار و چالاکییەکانى کۆمەڵگه‌ى نێودەوڵەتى وه‌ك كۆنفڕانسه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی و كۆبوونه‌وه‌ و چالاكییه‌كانی ئاژانسه‌كانی یۆئێن و…هتد. هەروەها کار دەکات بۆ پەرەپێدانى پەیوەندییەکانى حكوومه‌تی هه‌رێم لەگەڵ نوێنەرانى کۆمەڵگه‌ى مەدەنى و دامەزراوە ئەکادیمییە نێودەوڵەتیەکان لە دەرەوە و ناوەوە.

لە ماوەى دامەزراندنى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە، حکوومەتى هەرێمى کوردستان (١٤) نوێنەرایەتى لە دەرەوە کردۆتەوە