ماکرۆن: ئامانجی تورکیا لە سووریا داگیرکردن بێ، کێشەی جیدیمان دەبێت

0

سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند “کێشەیەکی جیدی”یان لەگەڵ تورکیا دەبێت ئەگەر ئۆپەراسیۆنەکەی ئەو وڵاتە لە سووریا ئامانجەکەی “داگیرکردن” بێت.

لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ لو فیگارۆ، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا هۆشداریدایە تورکیا لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکەی لە عەفرین و رایگەیاند، “کێشەی جیدی”یان لەگەڵ تورکیا دەبێ ئەگەر شەڕی ئەو وڵاتە دژی هێزە کوردییەکان لە سووریا ببێتە هۆی “داگیرکاری”.

ماکرۆن گوتی “ئەگەر ئۆپەراسیۆنەکە زیاتر لەوەی بۆ دوورخستنەوەی مەترسی تیرۆر بێ لەسەر سنوورەکانی تورکیا و دەربکەوێ ئامانجەکەی داگیرکردنە، ئەوا ئێمە کێشەیەکی جیدیمان دەبێت لەگەڵ ئەوەدا”.

سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بەوەشکردووە، ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا پێویستی بەوەیە ئەوروپا و هاوپەیمانەکانی گفتوگۆی لەبارەوە بکەن و بڕیاری لەسەر بدەن.

پێشتر وەزیری دەرەوەی فەرەنساش رایگەیاندبوو، ئەگەر ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا بۆ “داگیرکردن” بێت ئەوا “بە تەواوی رەتدەکرێتەوە”.

ماوەی 12 رۆژە تورکیا ئۆپەراسیۆنی “چڵە زەیتوون”ی بۆ سەر عەفرین دەستپێکردووە و رایگەیاندووە، هەنگاوی دواتری ئۆپەراسیۆنەکە کۆنترۆڵکردنی منبج تاوەکو سنووری عێراقە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا هەڕەشەی ئەوە دەکات، سوپای وڵاتەکەی بۆ “شەڕی تیرۆریستان”، کە ئەو مەبەستی یەپەگەیە، دەچێتە نێو خاکی سووریا تاوەکو سنوورەکانی لەگەڵ عێراق.

جگە لە عەفرین، تورکیا هەڕەشەی هێرشکردنە سەر شاری منبج-یش دەکات، کە هەسەدە بە پشتیوانی هاوپەیمانان لە دەست داعشی کۆنترۆڵکردەوە. فەرماندەکانی ئەمریکاش دەڵێن، هێزەکانیان لەو شارە ناکشێنەوە.

منبج شارێکی ستراتیژییە لە باکووری سووریا، دەکەوێتە باکووری حەلەب و باشووری جەرابلووس. ئێستا شارەکە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دایە، کە هێزی سەرەکیان یەپەگەیە و سوپای تورکیا لە عەفرین شەڕی دژیان راگەیاندووە.
 
چەند رۆژێک پێش ئێستا جۆسێف ڤۆتێل، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رایگەیاند “لە نیگەرانی تورکیا لەبارەی پەکەکە تێدەگەین و نیگەرانییەکانی تورکیا شەرعین، بەڵام کشانەوە لە منبج  شتێک نییە بیری لێبکەینەوە، ئەوەی ئێستا گرنگە شەڕکردنە دژی داعش”. 

بڵاوکردنەوە لە

بۆچوونێک بنووسە