چالاکیە دیپلۆماسیەکانی وەفدی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی ئابووری جیهاندا لە داڤۆس

0

ئامادەکردنی: جێگر برادۆستی

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌شداریكردن له‌ كۆڕبه‌ندى ئابووریى جیهان، به‌ سه‌رۆكایه‌تیى شاندێك گه‌یشته‌ داڤۆس له‌ سویسرا كه‌ له‌ به‌ڕێزان قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانى دیكه‌ى هه‌رێمى كوردستان پێكهاتووه‌.
سێشه‌مه‌ 23/1/2018 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك، سه‌رۆك وه‌زیران، پاشا، سه‌ركرده‌كانى جیهان و میوانانى باڵاى كۆڕبه‌ندى ئابووریى جیهان له‌ داڤۆس، به‌شدارى له‌ ڕێوڕه‌سمى پێشوازى و خوانێكى ئێواره‌ ده‌كات كه‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێز كڵاوس شواب دامه‌زرێنه‌رى كۆڕبه‌ندى ئابووریى جیهان و خاتوو هیلدێ شوابى هاوسه‌رییه‌وه‌ ڕێكخراوه‌.
چوارشه‌ممه‌ و ڕۆژانى دواتر به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى له‌ چالاكییه‌كانى كۆڕبه‌نده‌كه‌دا به‌شدارى ده‌كات و له‌ په‌راوێزى كۆڕبه‌نده‌كه‌دا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌ركرده‌كانى جیهان دیدار و كۆبوونه‌ ئه‌نجامدا.

پێشنیوه‌ڕۆی چوارشه‌ممه‌ 24/1/2018 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له‌ داڤۆسی سویسرا له‌گه‌ڵ خاوه‌نشکۆ شا عه‌بدووڵای دووه‌م ـ شای شانشینی ئوردنی هاشمی كۆبووه‌وه‌.
له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا شاندی یاوه‌ری به‌ڕێز سه‌رۆک وه‌زیران، به‌ڕێزان قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆک وه‌زیران، د. فوئاد حسێن سه‌رۆکی دیوانی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان، د. ئاشتی هه‌ورامی وه‌زیری سامانه سروشتییه‌کان، فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌کانییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم و د. ئامانج ڕه‌حیم سکرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ئاماده بوون.


هه‌ر له‌ په‌راوێزى به‌شداریكردنى له‌ كۆڕبه‌ندیى ئابووریى جیهاندا له‌ داڤۆس، پێشنیوه‌ڕۆى چوارشه‌ممه‌ 24/1/2018 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و شاندی یاوه‌ریان، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز كارن كاراپێتیان سه‌رۆك وه‌زیرانى ئه‌رمینیا كۆبووه‌وه‌.
هه‌ردوولا تیشكیان خسته‌ سه‌ر كردنه‌وه‌ى كونسوڵخانه‌ى ئه‌رمینیا له‌ هه‌ولێر كه‌ پێشتر ڕه‌زامه‌ندیى هه‌ردوو حكوومه‌تى عێراقى فیدراڵ و حكوومه‌تى ئه‌رمینیاى له‌سه‌ر دراوه‌ بكرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها باس له‌ كردنه‌وه‌ى گه‌شتى ئاسمانیى نێوان هه‌ولێر و یه‌ریڤان له‌ داهاتوودا كرا له‌ كاتێكدا كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت كێشه‌ى داخستنى فڕۆكه‌خانه‌كانى هه‌رێمى كوردستان چاره‌سه‌ر بكرێت.

هه‌ر له‌ په‌راوێزى به‌شداریكردنى له‌ كۆڕبه‌ندى ئابووریى جیهاندا، نیوه‌ڕۆى چوارشه‌ممه‌ 24/1/2018 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان له‌ داڤۆس له‌گه‌ڵ به‌ڕێز حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق كۆبووه‌وه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كى كورتدا كه‌ به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران و شاندى یاوه‌رى به‌شدار بوون، دوایین پێشهاته‌كانى گفتوگۆى لیژنه‌كانى هه‌ردوو حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عێراقى فیدراڵ تاوتوێ كران و جه‌خت له‌ به‌رده‌وامیى كارى لیژنه‌كان به‌مه‌به‌ستى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان كرایه‌وه‌. هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ هه‌ردوولا پابه‌ندیى خۆیان به‌ دیالۆگ و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوورى عێراق دووپات كرده‌وه‌.
له‌ به‌شێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ پرسى نه‌وت و كێشه‌كانی ئه‌م بواره‌‌ كرا و بڕیار درا هه‌ردوو وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق و وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كانى هه‌رێمى كودستان كۆبوونه‌وه‌یه‌كى تایبه‌ت له‌سه‌ر چۆنیه‌تیى هه‌نارده‌كردنى ئه‌و نه‌وته‌ ئه‌نجام بده‌ن كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ هه‌نارده‌كردنى ڕاگیراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌مباره‌وه‌ بگه‌نه‌ ڕێككه‌وتنێك.

هه‌ر له‌ په‌راوێزى به‌شداریكردنى له‌ كۆڕبه‌ندى ئابووریى جیهاندا، پاشنیوه‌ڕۆى چوارشه‌ممه‌ 24/1/2018 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان له‌ داڤۆس، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ڕا‌شد ئه‌لغه‌ننووشی بیرمه‌ند و سیاسه‌تمه‌دار و كه‌سایه‌تیى دیار، سه‌رۆكى پارتى نه‌هزه‌ى توونسى كۆبووه‌وه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران و شاندى یاوه‌رى به‌ڕێزیان ئاماده‌ بوون، دوایین دۆخى عێراق و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عێراقى فیدراڵ و هه‌وڵه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا به‌تایبه‌تى تاوتوێ كرا. هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌كانى توونس له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان و عێراق كرده‌وه‌، به‌تایبه‌تیش له‌ بوارى ئابوورى و بازرگانیدا، له‌مباره‌یه‌شه‌وه‌ هه‌ردوولا كردنه‌وه‌ى كونسڵخانه‌ى توونسیان له‌ هه‌ولێر به‌ پێویست زانى.
دۆخى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و ئه‌و كێشانه‌ى هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌ به‌گشتى و دیالۆگ و گفتوگۆ كه‌ باشترین شێوازه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، لایه‌نێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

هه‌ر له‌ په‌راوێزى به‌شداریكردنى له‌ كۆڕبه‌ندى ئابووریى جیهاندا، نیوه‌ڕۆى چوارشه‌ممه‌ 24/1/2018 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان له‌ داڤۆس، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز جێفرى فێلتمان جێگرى سكرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروبارى سیاسى، كۆبووه‌وه‌.

سه‌رله‌به‌یانیى پێنجشه‌ممه‌ 25/1/2018 له‌ په‌راوێزى به‌شداریكردنى له‌ كۆڕبه‌ندى ئابووریى جیهان له‌ داڤۆس، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ خاتوو ئیزابێل لۆڤین جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى سوێد كۆبووه‌وه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ به‌ڕێزان د. فوئاد حسێن سه‌رۆكى دیوانیى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان و فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسى فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ ئاماده‌ى بوون، هه‌ردوولا خۆشحاڵییان به‌ دیداره‌كه‌ ده‌ربڕى و په‌یوه‌ندییه‌كانى سوێد و هه‌رێمى كوردستانیان تاوتوێ كرد. به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران سوپاسى گه‌ل و حكوومه‌تى سوێدى كرد بۆ هاوكارى و پشتیوانییان له‌ هه‌رێمى كوردستان و هیواى به‌رده‌وامى و په‌ره‌پێدانى زیاترى په‌یوه‌ندییه‌كانى خواست.

ێشنیوه‌ڕۆى پێنجشه‌ممه‌ 25/1/2018 له‌ په‌راوێزى به‌شداریكردنى له‌ كۆڕبه‌ندى ئابووریى جیهان له‌ داڤۆس، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ژۆن ئیڤ لۆدریان وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى فه‌ڕه‌نسا كۆبووه‌وه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێز لۆردیان خۆشحاڵیى خۆى به گفتوگۆ و په‌ره‌سه‌ندنه‌كانى په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و پشتگیرى بۆ پرۆسه‌كه‌ ده‌ربڕى و هیواى خواست تا گه‌یشتن به‌ ئه‌نجامێكى باش و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، دیالۆگ به‌رده‌وام بێت. هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند كه‌ ئه‌وان له‌ كۆنفرانسى كوێت بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى عێراق به‌شدارى ده‌كه‌ن و نیازیان وایه‌ به‌رله‌وه‌، یانیش دواى ئه‌وه‌ سه‌ردانى به‌غدا و هه‌ولێر بكه‌ن.

نیوه‌ڕۆى پێنجشه‌ممه‌ 25/1/2018 له‌ په‌راوێزى به‌شداریكردنى له‌ كۆڕبه‌ندى ئابووریى جیهان له‌ داڤۆس، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ڕیكس تیله‌رسۆن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا كۆبووه‌وه‌.
به‌ڕێز تیله‌رسۆن، خۆشحاڵیى خۆى بۆ ئه‌م دیداره‌ ده‌ربڕى بۆ ئاگاداربوون له‌ دوا پێشهاته‌كانى دیالۆگى هه‌ولێر ـ به‌غدا و كارى ئه‌و لیژنانه‌ى له‌نێوان حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عێراقى فیدراڵدا كراوه‌، پشتگیریى ئه‌مه‌ریكایشى بۆ دیالۆگى نێوان هه‌ردوولا، سه‌رخستنى پرۆسه‌كه‌ و مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌.
به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌یه‌ به‌پێى ده‌ستوورى عیراق و له‌ ڕێگه‌ى دیالۆگه‌وه‌ كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكات، پوخته‌یه‌كیشى ده‌رباره‌ى دوا پێشهاته‌كان و كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز عه‌بادى له‌ به‌غدا و له‌ داڤۆس پێشكه‌ش كرد و ڕایگه‌یاند: هه‌نگاوه‌كان ئه‌رێنى و باشن، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌نجامى كرده‌ییان هه‌بێت و به‌رده‌وام بین تا ده‌گه‌ینه‌ چاره‌سه‌ر، ئه‌مه‌ش پێویستى‌ بڕیارى سیاسى هه‌یه‌. سوپاس و پێزانینى هه‌رێمى كوردستانیشى بۆ پشتگیریى ئه‌مه‌ریكا له‌ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانى كوردستان دووپات كرده‌وه‌ و گوتى: ده‌بێت هاوبه‌شه‌كه‌مان هانى دیالۆگ و چاره‌سه‌رى ئاشتیانه‌ بده‌ن.
له‌ به‌شێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ دۆخى هه‌رێمى كوردستان و سه‌ختى و كێشه‌ ئابوورى و داراییه‌كانى هه‌رێمى كوردستانى كرا و تیشكى خرایه‌ سه‌ر دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان و گرنگیى به‌رده‌وامیى یارمه‌تییه‌ ته‌كنیكییه‌كانى ئه‌مه‌ریكا بۆ پرۆسه‌ى چاكسازییه‌كان، به‌تایبه‌تیش له‌ بواره‌كانى كارگێڕى و كارگێڕیى داراییدا بۆ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان.
هه‌ردوولا كۆك بوون كه‌ كار بكرێت له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ى سه‌قامگیرى و گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رێك له‌ به‌رژوه‌ندیى هه‌موواندا بێت و یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ هه‌ڵبژاردن. باسكردن له‌ میكانیزمى هاوبه‌ش بۆ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان، شه‌ڕى داعش و قۆناغى دواى ئه‌وه‌ و دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، چه‌ند لایه‌نێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌ بوون.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا شاندى یاوه‌ڕى به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران، به‌ڕێزان قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران، د. فوئاد حسێن سه‌رۆكى دیوانى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان و فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ بوون.

هه‌ر له چوارچێوه ی دووه‌م ڕۆژی كۆڕبه‌ندی ئابووری جیهاندا له داڤۆس، پێنجشه‌ممه 25/1/2018 بهڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه ڵ به ڕێز خێرا بۆرژوا، سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی فلانده‌رزی به‌لجیکا كۆبووه‌وه.

هه‌ر له‌ په‌راوێزی كۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهاندا له‌ داڤۆس، ئێواره‌ی پێنجشه‌ممه‌ 25/1/2018 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز مارك ڕۆته‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی هۆڵه‌ندا كۆبووه‌وه‌.

هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی كۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهاندا له‌ داڤۆس، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 25/1/2018 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ خاتوو ئۆرسۆلا ڤۆن دێرلاین وه‌زیری به‌رگریی ئه‌ڵمانیا كۆبووه‌وه‌.

وێڕاى به‌شداریكردنى له‌ پانێلى به‌ڕێز دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا له‌ سێیه‌م ڕۆژی كۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهاندا له‌ داڤۆس كه‌ تیایدا سیاسه‌تى ئه‌مه‌ریكا و دیدگاى خۆى و ئیداره‌كه‌ى سه‌باره‌ت به‌ ئابوورى و كار و وه‌به‌رهێنان و په‌یوه‌ندییه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ جیهان خسته‌ ڕوو، هه‌ینی 26/1/2018 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز کێنتۆرا سۆنوورا ڕاوێژکاری سه‌رۆک وه‌زیرانی ژاپۆن ـ سه‌رۆکی شاندی ژاپۆن بۆ كۆڕبه‌ندی داڤۆس، كۆبووه‌وه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ به‌ڕێزان قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران و فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم ئاماده‌ بوون، هه‌ردوولا خۆشحاڵیی خۆیان به‌و دیداره‌ ده‌ربڕی و باسیان له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ژاپۆن و په‌ره‌پێدانی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كان كرد. هه‌روه‌ها ڕه‌وشی ئاواره‌ و په‌نابه‌رانیان له‌ هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كرد و له‌مباره‌یه‌وه‌ ڕۆڵی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ پێشوازیكردن و حه‌واندنه‌وه‌ی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری بۆیان به‌رز نرخێنرا.

بڵاوکردنەوە لە

بۆچوونێک بنووسە