كه‌ركوك بێت یان عه‌فرین …به‌رگرى و رووبه‌رووبوونه‌وه‌ى دوژمن، باشترە له‌هه‌زار دۆستى درۆزن !

0

هەڵگورد عبدالوهاب جندیانی

ئه‌م رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاسته‌ بۆته‌ ناوه‌ندى بازاڕو هه‌راجخانه‌یه‌كى گه‌وره‌ بۆ نه‌ته‌وه‌ى كورد و خاكى كوردستان، له‌شه‌و و رۆژێكدا دۆست و پشتیوانه‌ درۆزنه‌كانت لێ ده‌بن به‌ دوژمنى سه‌رسه‌خت و له‌په‌ناوه‌و له‌ژووره‌ تاریك و بۆگه‌نه‌كانى سیاسه‌تدا ده‌تفرۆشن و بازرگانیت پێوه‌ ده‌كه‌ن.
نه‌ته‌وه‌ى كورد به‌به‌ڵگه‌و ئه‌زموون دیسان بۆى ده‌ركه‌وت كه‌ ته‌نها شاخه‌كان و ره‌شه‌با هاوڕێ و دۆستى هه‌میشه‌ییه‌تى، بۆیه‌ پێویسته‌ بژارده‌ى به‌رگریكردن و رووبه‌رووبوونه‌وه‌ى داگیركه‌ران و زۆردارانى هه‌ڵبژێرێت، هه‌ر ئه‌و به‌رگریه‌شه‌ كه‌ تاكو ئێستاش كوردى كردۆته‌ تاكه‌ میلله‌تى ناوچه‌كه‌ و هه‌زاران ساڵه‌ به‌زیندووى له‌سه‌ر خاكى خۆیدا ماوه‌ته‌وه‌و له‌ناو نه‌چووه‌ (تۆپى زه‌مانه‌ش) نه‌یتوانى بیانتوێنێته‌وه‌، پێچه‌وانه‌ى ئه‌و هه‌موو نه‌ته‌وه‌و میلله‌تانه‌ى كه‌خاوه‌ن ده‌وڵه‌تى مه‌زن و ته‌نانه‌ت ئیمپراتۆریه‌تیش بوون به‌ڵام له‌ئێستادا یان به‌یه‌كجارى سڕانه‌وه‌ یاخود بوون به‌ په‌ندى زه‌مانه‌و ئێستا چه‌ندین كه‌مینه‌یه‌كى نیگه‌ران و بێ هه‌ژموونن.
ئه‌مریكا، روسیا، ئه‌وروپا، دیموكراسیه‌ت، حوكمى ره‌شید، شه‌فافیه‌ت ئه‌وانه‌ هه‌مووى درۆى گه‌وره‌و زلى داگیركه‌ره‌ نوێكانى جیهانین كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ سیستم و (قییه‌م)ى نه‌ته‌وه‌كان ده‌روخێنن بێ ئه‌وه‌ى ئومێد و پشتیوانیان پێ بده‌ن بۆ ژیانێكى باشتر چونكه‌ مه‌رام و ئامانجى ئه‌و وڵاته‌ كۆلۆنیاله‌ كۆنه‌ نوێیانه‌ ته‌نها و ته‌نها به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ئابوورى و جیۆسیاسیه‌كانیانه‌، ئه‌وان ته‌نها به‌دواى بۆنى خوێن و په‌ترۆڵ و گازن و به‌س!!
من لێره‌، له‌هه‌ولێرى باشوورى كوردستان هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م له‌ده‌ست دێت دڵم له‌گه‌ڵ دڵى هه‌موو هاونه‌ته‌وه‌یه‌كم دابێت له‌عه‌فرینى بریندار ، هه‌ست و نه‌ستم له‌گه‌ڵ ئه‌و ژن و پیاوه‌ شه‌ڕڤانه‌ ئازا و به‌جه‌رگانه‌دابێت كه‌ گیانیان له‌ناو له‌پیاندایه‌و له‌به‌رده‌م هێرشى ده‌وڵه‌تى داگیركه‌رى توركیادا وه‌كو شاخ وه‌ستاون و به‌رگرى له‌ خاك و خه‌ڵكى كوردستان ده‌كه‌ن.
ئه‌و شه‌وه ‌زه‌نگه‌ش كۆتایی دێت و سبه‌ى رۆژێكى گه‌شتر هه‌ڵدێت.

بڵاوکردنەوە لە

بۆچوونێک بنووسە