ئیبراهیم عەباس : چوونمان بۆ ناو جوڵانەوەى نەوەى نوێ هەڵەیەکى گەورە بوو

0

هەڤپەیڤین : هەڵوێست میرانى

ئیبراهیم عەباس ڕۆژنامەنوس و خۆبەخشى پێشوو لە جوڵانەوەى نەوەى نوێ , لە دیمانەیەکى تایبەت بە ماڵپەڕى ناوین هۆکارى وازهێنانی ئەنجومەنى هەولێر و بادینان و هەلەبجە لە جوڵانەوەکە دەخاتە ڕوو , لە بەشێکى دیمانەکە باس لە کەمپەینى نەخێر لە ئێستادا دەکات و دەڵی گەیشتینە ئەو بڕوایەى بیرۆکەى کەمپەینەکە پێشتر لە لایەن چەند کەسایەتیەکەوە گەڵاڵە کراوە و دواتر شاسوار عەبدولواحید خۆى کردووە بە خاوەنى , هەروەها پەشیمانى خۆى لە چوونیان بۆ ناو جوڵانەوەى سیاسى نەوەى نوێ دەربڕیوە و دەڵی شاسوار عەبدولواحید ئەو بنەمایانەى پێشێل کردووە کە لەسەرى رێک کەوتوون ,

ناوین : ئێوە لە کەمپەینى نەخێر بۆ ڕیفراندۆم بوون کە شاسوار عەبدولواحید سەرپەرشتى کەمپەینەکەى دەکرد , دواتر بەشێک لە ستافى کەمپەینەکە جوڵانەوەى نەوەى نوێتان ڕاگەیاند, چ هۆکار گەلێک ئێوە و شاسوارى بەیەکەوە کۆکردەوە ..؟

ئیبراهیم عەباس : بەرەى نەخێر جورئەتێکى گەورەبوو , وە پێشتر ئەو جموجۆڵە بەرفراوان و جەریئانە لە لایەن چەند کەسایەتیەک و خەڵکێکى ئازاتر لە شاسوار هەبووە ,پێشتر بیرۆکەکە هەبووە وەک وتم بەڵام نەتوانراوە ڕاگەیاندن بخرێتە خزمەتى بیرۆکەکە , کەناڵى ئێن ئاڕتى چونکە کەناڵێکى ئەهلى بێ لایەن بووە , هیچ حزبێک خاوەنى نەبووە , بۆ ئەوەى بیرۆکەکە هیچ حزبێک نەبێتە خاوەنى و خاوەنداریەتى نەکات گفتووگۆ لەگەڵ شاسوار کراوە , ئەمەش دەرفەت بوو تا شاسوار بیرۆکەکە بدزێ و خۆى بکاتە خاوەنى بیرۆکەى نەخێر لە ئێستادا , واتا خەڵکێکى ئازا ویستویانە بڵێن نەخێر بۆ ڕیفراندۆم لە ئێستادا , مەبەست لەمەش پاشەکشەى کاک مەسعود بووە چونکە لایەنەکانى ناچار کردووە بە وەى بچنە چەترى ئەنجامدانى ڕیفراندۆم بەڵام شاسوار ئەو هەڵەى قۆزتەوە و خۆى کرد بە خاوەنى , ئێمە ئاگادارى ئەو جموجۆڵانە نەبووین کە خەڵکى تر ویستویەتى ئەو کەمپەینە ئەنجام بدات , لە سەرەتادا کاتێک لە بارەى پرۆژەکە گفتوگۆمان لەگەڵ شاسوار کرد , پرۆژەى کەمپەینەکەمان پێ باش بوو , چونکە پێمان وا بوو ئەم کەمپەینە لە دەرەوەى بڕیارى قیادەى سیاسى حزبەکان بووە , جەرائەتێکى باش بوو , بەلام دواتر بۆمان دەرکەوت شاسوار لە پەنا کاک نەوشیروان و باڵەکانى یەکێتى خۆى مەڵاس داوە و لەو رێگایەو لە رێگاى بەکارهێنانى ناو و ناوبانگى ئێمە مانان ویستوویەتى بە ئامانج و تموحى خۆى بگات .
چونمان بۆ نەوەى نوێ هەڵەیەکى گەورە بوو , دەبوایە وەکو کاک ئیسماعیل گەڵاڵی و کاک فەرهاد سەنگاوى دواى کۆتایی هاتنى کەمپەینى نەخێر لە ئێسادا پاشەکشەمان بکردبایە , هەڵەى ئێمە ئەوەبوو چووینە پاڵ پڕۆژە سیاسیەکەی کە پرۆژەیەکى انتخابیە وئامانجى ئەویش کۆکردنەوەى دەنگە کە بە تەسەورى خۆى رۆژێک لە رۆژان دەبێتە سەرۆک یان سەرۆک وەزیران کە پیم وایە نایبینێ , چونمان بۆ پرۆژە سیاسیەکە هەڵە بوو و باجەکەمان دا , باجەکەش ئەوەبوو دەڵێ ئێمە جاسوسمان لە جوڵانەوەى نەوەی نوێ دەرکردووە .

ناوین : دەڵێی بیرۆکەى نەخێر لە ئێستادا سەرەتا پڕۆژەى چەند کەسایەتیەک بووە بەلام شاسوار دزیویەتى , بەڵگەى ئێوە لە سەر دزینى پڕۆژەکە چى یە ..؟ چۆن دزراوە .؟

ئیبراهیم عەباس : بیرۆکەى ئەو خەڵکانە بووە کە دەنگى ناڕازین , خەڵکێک کە بەردەوام دەنگى نارەزایی دژ بە ئەنجامدانى ڕیفراندۆم بەرز کردۆتەوە و پێیان وابووە ئەنجامدانى ڕیفراندۆم لە ئێستادا کێشە درووست دەکات , بەڵام نەیانتوانیوە لە ڕووى ئیعلامیەوە پەرەى پێ بدەن و ئین ئاڕتیان وەک سەرچاوەى راگەیاندن بەکارهیناوە , شاسواریش لە جیاتى ئەوەى پەیوەندی بەوان بکات و بەیەکەوە کۆمەڵەیەک درووست بکەن هەستا خۆى کردە خاوەن و سەرپەرشتیارى پڕۆژەکە .

ناوین : ئامانجى ئێوە لەچونتان بۆ جولانەوەى نەوەى نوێ چى بوو.؟ مەبەستتان ئەوە بووە دیدێکى جیاواز بۆ حزبایەتى بهێننە ئاراوە و نەوەى نوێ بەرگێکى تەقلیدی نەپۆشێت .؟ نەوەى نوێ جوڵانەوەیەکى سیاسى جیاواز بێ لە حزبەکانى تر .؟

ئیبراهیم عەباس : بەڵێ ئێمە لە سەر ئەو بنەمایە ڕێککەوتبووین جیاواز بین لە حزبەکانى تر , گەنج بهێنرێتە پێشەوە , کەسى تەکنۆکرات و یاش , لە خەمى گۆڕانکارى بێت و هەوڵمان ئەوە بوو بە ئاراستەى گۆڕانکارى لە ئەداى سیاسى , حوکمرانى , حزبایەتى هەنگاو بنێین , چۆن بتوانین دەسەڵاتى سیاسى کە پارتى و یەکێتین تێیانپەڕێنین , ئەمەش بە پەلەپەلە ناکرێ , جیاوازى نێوان ناوچەگەرى و شارو دێهاتەکان نەیەڵین , بۆ نموونە کەسێک لە خورماڵ بێت و بهێنرێتە پێش و بکرێتە فیگەر , کەسێک لە زاخۆ بێت و جەریئ و بەهرەى تێدا بەدى بکرێ نەترسین لەوەى بیهێنینە پێشەوە , لە سەر ئەوەى ریککەوتبووین ئەو ترسە تێپەڕێنین کە حزبەکانى گرتۆتەوە لە هێنانە پێشەوەى دەموچاوى نوێ و کەسى نوێ و تەکنۆکرات . لە سەر ئەوە رێککەوتبووین گەنج بکەینە نوخبە و پێیان بگەیەنین و خولى فیر بوونى زمان , رۆژنامەوانى , ئەتەکێتى دێپلۆماسى .. هتد , ئەمانەمان بە قسە لەگەڵ کاک شاسوار بڕاندبۆوە و رێک کەوتبووین , بەلام لە سەر ئەرزى واقیع هیچ هەنگاوێک بەدى نەدەکرا بەڵکۆ بە پیچەوانەى ئەو ئاراستەیە نەوەى نوێ کار دەکات , گلەیی ئێمە لە حزبى دەسەلاتدار ئەوەیە کە دوو بنەماڵەن خۆیان کردووە بە واجیهە و خۆیان دەوێ , شاسوار خراپتر هەنگاوى ناوە , لە ناوەندە مێدیایەکانى تایبەت بە کارو بەرنامەى جوڵانەوەکە کەس وەک سەرکردە , بەڕێوەبەر دیار نیە , نموونە لە سۆشیال مێدیا شاسوار ٤٦ پەیجى تایبەت بە نەوەى نوێ لەگەڵ چەندین پەیجى ناسرا و ناودار کە خۆى سەرپەرستیان دەکات و ریگرى دەکات لەوەى کەسى تر دەرکەوێ .

ناوین : شاسوار عەبدولواحید لە زۆربەى سمینار و بانگەشەکانى گەنج دەکاتە واجیهە , خۆى و جوڵانەوەى نەوەى نوێى وا وێنا کردووە کە جوڵانەوەکە بە تەواوى خراوەتە خزمەتى توێژى گەنجان .؟ ئەمە تا چەند ڕاستە .؟

ئیبراهیم عەباس : ئەو وێنەیەى ئیوە دەیبینن شاسوار دەیتوانێ لە واقیع بەرجەستەى بکات , دەیتوانێ لە چەند هەڵبژاردنێکى تر سەرکەوتنى گەورە بە دەست بهێنێ , ئێمە لە سەر ئەو مەبدەئە رێککەوتین بەڵام ئەو لە گەڵ ئەو مەبدەئە راستگۆ نەبوو , گەنج کاڵایەکە شاسوار بەکاریان دەهێنێ , لە راستیدا شاسوار بڕوا و متمانەى بە کەس نیە و لە سێبەرى خۆى گومان دەکات , وا دەوروبەرى وێنا کردووە کە جاسوسن بە سەریەوە , دەمەوێ ئەوەش بڵێم هەر کەسێک زیرەک و لێهاتوو بێت شاسوار بە خەتەر دژ بە پیگەى خۆى ئەژمارى دەکات .
ناوین : لە سەروبەندى وازهێنانتان لە جوڵانەوەى نەوەى نوێ , لە پرێس کۆنفرانسێک راتان گەیاند هەڵوێست و جموجۆڵی جوڵانەوەکە لە قازانجى حزبەکانى دەسەڵاتە.؟
ئیبراهیم عەباس : شاسوار واى وینا کردبوو لە هەڵبژاردنى مانگى ١١ ى ٢٠١٧ سود لە ناڕەزایی شەقام لە پارتە دەسەڵاتەکان و ئۆپۆزسیۆنى پێشوو وەردەگرێ و دەنگێکى زۆر بەدەست دەهێنێ , کە هەڵبژاردن دواخرا , لە سەروبەندى خۆپیشاندانەکان شاسوار عەبدولواحید واى وێنا کردبوو کە ئەو خۆپیشاندانە دەبێتە هۆى ڕاماڵینى حزبە تەقلیدیەکان و گۆڕەپانەکە بۆ ئەو دەکرێتەوە ,شاسوار رێبەرایەتى دەنگى نارازى دەکات بە هۆى زمانە ڕادیکاڵیەى خۆى و دەوروبەرى , بەهۆى ئەوەى کاک شاسوار دوور بین نیە و ناتوانێ دوور بیر بکاتەوە بەرنامەى سیاسى کورت مەودان و پەلە پەل دەکات , کاتێ لە لەندەنە بە حسابى خۆى ئەو هەڵگیرسێنەرى مانۆڕى خۆپیشاندانە لەندەن جێدەهێڵێ و دیتەوە سلێمانی , لێرە سیناریۆکە دەست پێدەکات کە ئێمە گوتمان خزمەت بە دەسەڵات دەکەن , دەسەڵات لە فرۆکە خانەى سلیمانى دەستگیرى ناکەن , بە حورمەت و رێزەوە دەیبەن بۆ ژوورێکى تایبەت و ڤی ئاى پى پێشى دەڵین تۆ میوانى کاک قوباد تاڵەبانى , تا دۆخەکە ئارام دەبێتەوە و بزانین کاردانەوەکان سەبارەت بە داخستنى ئین ئاڕتى و خۆپیشاندانەکان چى لێ دێ و دۆخەکە دەگا بە کوێ , زانیارى هەیە کە دواى ئەوە چەند رۆژیک لاى یەکەى حەفتا دەست بەسەر بووە , دوو ڕۆژ هێنراوەتە هەولێر و لاى پارتى میوان بووە , لاى پارتى چی پێگوتراوە نازانرێ .
کاتێ ئازاد دەکرێ لاریمان نەبوو کە مەتح و سەناى ئاسایش و دادگا بکات کە بە گوتەى خۆى لەگەڵى باش مامەڵەیان کردووە و ویژدانى ئاسودە بووە , با ئەمە بە سیناریۆ دانەنێین , بەڵام ٦٥٠ کەس دەستگیر کران , شەش کەس لەو دەستگیر کراوانە نەهێنرانە سەر شاشەى ئین ئاڕتى تا باس لە چۆنیەتى دەستگیر کردنەکەیان بکەن, بەرنامەیەکى سەکۆ نەکرا , لە تاوتوێ یەک کەس نەهێنرا تا بڵی من لە سەر ئەوە دەستگیر کرام , ڕابون مەعروف حەصانەى پەرلەمانى هەبوو دەستگیر کرا باس لە چۆنیەتى دەستگیر کردنەکەى نەکرا , تەنها شاسوار لە شاشەى ئێن ئاڕتى دەرکەوت و چیڕۆکى خۆى گێرایەوە , ئێمە گۆمانمان هەبوو لە کاتى دەستگیرکردن و میواندارى کردنى رێککەوتن کراوە کە شاسوار نەهجى خۆى بەرامبەر بە دەسەلات بە تایبەت یەکێتى بگۆڕێ ,

ناوین : تەنها ئەنجومەنى هەولێر و بادینان لە نەوەى نوێ هاتنە دەرەوە و وازتان هێنا ..؟ ئەو گەنجانەى لە رێگاى ئێوەوە هاتبوونە پاڵ نەوەى نوێ لەگەڵ ئێوە هاتنە دەرەوە لەو جولانەوەیە , یاخود ئێستاش بەردەوامن لە ریزەکانى جولانەوەکە .؟

ئیبراهیم عەباس : جگە لە هەولێر و دهۆک لە ئەنجومەنى ڕانیە و قەڵادزە نیوە وازیان هێناوە , لە سلیمانیش نیوە زیاتر هاتوونەتە دەرەوە , لە کەلار و هەڵەبجە و سەیدصادق ریژەیەکى بەرچاو لە خۆبەخشەکان لە ریزەکانى نەوەى نوێ هاتوونەتە دەرەوە و وازیان هێناوە , دواى شەهید بوونى مامۆستا هێرش ئەندامى ئەنجومەنى کۆیەى نەوەى نوێ یەک کەس لە کۆیە و تەق تەق نەچوونەتە پاڵ نەوەى نوێ و ئەوانەى پەیوەندیشیان کردبوو وازیان هێنا, چونکە شاسوار ئامادە نەبوو بچیتە ماڵی مامۆستا هێرش و خۆى نەکردە ساحێبى دواى بریندار کردن و پاشان کۆچى دوایی .
لە زۆنى زەردیش کە هەولێر و بادینان دەگریتەوە رێژەیەکى ئێجگا کەم ڕۆیشتوون کە بە پەینجە دەژمێردرێ , هەیە ئامانجى لە بەردەوام بوون لەگەڵ شاسوار هەیە ,برادەر هەیە پرۆژەى هەیە کە سەنتەرێکى گەشەپێدانى مرۆیی بکاتەوە , ئەمەش مەبلەغیک پارەى پیویستە , شاسوار وەعدى پێ دابوو پارەکەى بۆ دابین بکات دڵنیاشم پارەى پێنادات , خۆبەخشەکانى ئەو زۆنەى تا ئێستا بەردەوامن رێژەیان زۆر کەمە و وەک گوتم بە پەنجەى دەست دەژمێردرێن .

ناوین : شاسوار لە وەڵامى گەنجێک لە کۆمێنتێک دەڵیت ئێمە نەبووینەتە دوو بەش بەڵکو سێ پاراستنمان دەرکردووە ..؟ وەڵامى تۆ چى یە ..؟

ئیبراهیم عەباس : دەزگا موخابەراتیەکان دەستیان خستۆتە ناو ئۆرگانى حزبە گەورە و بچوکەکان , ئەمە شتیکى لەمێژینەیە , ڕەنگە حزبەکان خۆیان درکیان پێ کردبێ و زانیبێتیان بەڵام ئیعلانیان نەکردووە , کەسیان جورئەتیان بە خۆیان نەداوە بێن بڵێن ئێمە ئەندامى فڵان دەزگامان دەرکردووە لە بەر سومعەى حزبەکەیان و کەسەکە , بەڵام ئەوەى شاسوار کردى بۆ مێژووى سیاسى ئەو پیاوە خەتەرترین شتە, تەنها صەدام حسێن جورئەتى کردووە تۆمەت هەڵبەستێ بۆ ئەو دەنگە نارازیانەى ناو حزبى بەعس , لە کۆتایی حەفتاکان لە کۆنگرەى حزب چەند دەنگیکى نارازى دەبیسترێ , صەدام حسێن بەبەرچاوى ئامادەبوانى هۆلەکە دەیانباتە ژوورێک و دەیانکوژێ بەجۆرێک دەیانکوژێ کە ئامادەبوانى هۆڵەکە گوێیان لە دەنگى گوللەى کوشتنەکە دەبێت , ئەمە ستایلێکى صەدامیانەیە کە دەنگى نارازى ناو حزبیک تۆمەتبار بکرێ بە جاسوس و پاراستن وەک شاسوار کردى , گریمان ئەو سێ کەسە ئیمە نین و سێ خۆبەخشى ترن , کە دڵنیام مەبەستى ئیمە بووە , باشە شاسوار ناڵی من شتى شاراوەم نیە و شەەفافم , بۆ کوردستان تێدەکۆشم و جیاوازیەکان نایەڵم ..! شاسوار چ شتێکى نهینى هەیە تا لێی بترسێت و ئەو سیخورانە کارى لە سەر بکەن و بیدەنە پارتى و یەکیتى و ئەویش لە ئێن ئاڕتى یەوە ئیعلانى بکات کە سێ پاراستن لە جولانەوەکە دوور خراونەتەوە , ئەمە نیشانەى پرسیار لە سەر ئەداى کارى سیاسى شاسوار درووست کردووە کە خەڵک نەوێرێ لێێ نزیک بێتەوە لە ترسى درووست کردنى تۆمەتى سیخوڕی, ئەمەش بۆ ئایندەى سیاسى ئەو خەتەرە.
ناوین : دواى وازهێنانتان لە جولانەوەى نەوەى نوێ چەند سەردانێکتان ئەنجامدا بۆ لاى چەند کەسایەتیەک , ئامانجى ئەو سەردانانە چى بوون .؟ مەبەستتانە لە داهاتوو خۆتان رێکخەنەوە لە چوارچێوەى بزووتنەوەیەکى سیاسى .؟

ئیبراهیم عەباس : ئەو سەردانانەى کراون زۆرن , دەتوانم بڵێم لە سەدا ٢٠ ى سەردانەکانمان بڵاوکردۆتەوە ,خەڵکێکى زۆرمان بینیوە لە ئۆپۆزسیۆن , کەسانى نزیک دەسەڵات , کەسایەتیە بێ لایەنەکان , بەشێک لەو سەردانانە لە سەر داواى کەسایەتى و ریکخراو و گرووپە ناحکومیەکان بووە , ئامانجى ئێمە لەو سەردانانە درووست کردنى گروپى فشارە کە بەرگێکى مۆدێرنە بپۆشێ و لە دەرەوەى ئینتیماى سیاسى لایەنەکان بێت , لە سەر کەفائەت و جورئەت و ئازایەتى , بۆ ئەو مەبەستە پیویستمان بە کەسانى دڵسۆزە تا هاوکار و بەشدار بن لەو درووست کردنى ئەو گرووپی فشارە , کاتى درووست بوونى کەمووکوڕى لە بوارى کۆمەڵایەتى , سیاسى , ئابورى , ئیدارى کە حکومەت دواتر حزب و لایەنە سیاسیەکان هۆکارى کەمو کوڕیەکان بن , ئەو گرووپە لەو کەسانە پیکدین کە لە رابردوو خۆبەخشى نەوەى نوێ بوون و ئێستا لە دەرەوەى ئەو جوڵانەوە سیاسیەن .

بڵاوکردنەوە لە

بۆچوونێک بنووسە