بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا هانی ترەمپ دەدەن بۆ پارێزگاریكردن لەڕێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا

0

ئەمڕۆ پێنج شەممە بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا، لە داواكاریەكی هاوبەشدا، داوایان لە دۆناڵد ترەمپ كرد پشتیوانی بكات لەڕێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا، ئەوەش ڕۆژێك بەر لەوەی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بڕیاربدات لە سەپاندنەوەی سزا بەسەر ئێراندا.

بەپێچەوانەی دۆناڵ ترەمپەوە كە پێی وایە ڕێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا لەساڵی 2015 دا “خراپترین ڕێككەوتنە دانوستانی لەسەركرابێت”، وەزیرانی دەرەوەی هەرسێ ووڵات و دیپلۆماتكاری باڵای یەكێتی ئەوروپا رایانگەیاند، كە بژاردەی دیكە نەبووە و پێویستە ڕێككەوتنەكە بەردەوام بێت.

سیگمار گابرێل، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا وتی، “بێگومان پێویستە ئەمو ڕێككەوتنە هەبێت بۆ ڕێگەگرتن لە پەرەپێدانی چەكی ئەتۆمی لەكاتێكدا لەبەشەكانی تری جیهاندا باسی ئەوە دەكرێت چۆن ئەو چەكە بەدەستبێنن.”

ئەو كۆبوونەوەی برۆكسڵ وەكو هەنگاوێكی پێشوەخت بوو بۆ گەیاندنی پەیامێك بە ترەمپ بەرلەوەی بڕیاری سەپاندنەوەی سزا بەسەر ئێراندا بدات، كۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاندووە، “ئەگەر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا سزاكان بسەپێنێتەوە بەسەر وڵاتەكەیدا، ئەوا ئەو ووڵاتە چیتر پابەندنی ڕێككەوتنە ئەتۆمیەكە نابێت”.

وڵاتانی ئەوروپا سودیان وەرگرتووە لە دەستپێكردنەوەی ئاڵوگۆری بازرگانی لەگەڵ ئێراندا بەهۆی هەڵگرتنی سزا سەپێنراوەكانی سەر ئەو وڵاتە، بەڵام ڕێگە بە كۆمپانیا ئەمەریكییەكان نادرێت ئاڵوگۆری بازرگانی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێراندا بكەن بەهۆی چەند سزایەكی دیكەدا كە بەسەر ئەو ووڵاتەدا سەپێنراوە.

بڵاوکردنەوە لە

بۆچوونێک بنووسە