ئێران لەبەردەم دوو ئەگەرى قورس دا

0

جێگر برادۆستی

لەگەڵ دەستپێکردنی خۆپێشاندانەکانی ئێران و تەشەنەکردنی بۆ زۆرێک لە شارە گەورەکانی ئەو وڵاتە، لێرەو لەوێ، ئەمریکا و سعودیە و لایەنگرانی شای پێشوو و هەندێ لایەنی تر تۆمەتباردەکرێن بە دەست وەردان لە دۆخی نێوخۆی ئێران، بەڵام لە ڕاستیدا هاوکێشەکە پێچەوانەیە، چونکە ئەم خۆپێشاندانانەی لە 28ی کانوونی یەکەم دەستی پێکردووە، تەواو خۆرسکن و دەرئەنجامی بەرزکردنەوەی باج و بڕینی یارمەتی داری هەزران ئێرانی و تەرخانکردنی بڕە پارەیەکی زۆری بودجەی وڵاتە بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتی شیعە لە رۆژهەلاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا، ئەوەش بۆتە ترس و دڵەڕاوکێ بۆ ئەو حزب و گروپانەی کە سەر بەئێرانن، بەتایبەت دوای ئەوەی بەشێک لەسەرکردەکانی ئەو حزب و گروپانە مەترسی خۆیان نەشاردۆتەوە لە تەشەنەکردنی ئەو خۆپێشاندانانە و گاریگەریان لەسەر رێکخستنەکانیان، لە ئەنجامدا بەڕوونی پەیامی خۆپێشاندەرانی ئێرانیان بیست کە چیتر ڕێگە نادەن ئەو هاوکاری و پاڵپشتیە زۆرەیان پێبگات و ڕۆلەکانیان لە عێراق و سوریا و یەمەن ببنە قوربانی سیاسەتی بە شیعەکردنی ناوچەکە.
بۆیە دەتوانین بڵێین ئەم خۆپێشاندانە خۆپێشاندانی تەواو ئێرانین و دوورە لەدەستی دەرەکی، ئەمەش بەمانای ئەونایەت کە وڵاتان پشتگیری و پشتیوانی وها خۆپێشاندانێک نەکەن، بەڵکو زۆرێک لە وڵاتان پشتیوانیان بۆ گەلانی ئێران دەربڕیوە، لەسەروی هەموویانەوە ئەمریکا و سعودیە، چونکە ئەم دوو وڵاتە پێیان وایە بەردەوامبوونی سیاسەتی ئێستای ئێران، هۆکارێکە بۆ نەبوونی ئارامی لەناوچەکەدا بەتایبەت دوای ئەو گرژو ئاڵۆزیانەی ئەم دوایەی لبنان و سعودیا، کە بەهۆیەوە چەند مووشەکێکی دوورهاوێژ بەناو خاکی سعودیە کەوتن و لە لبنانیش سەعد حەریری سەرۆکوەزیڕان وازهێنانی ڕاگەیاند و دواتر پەشیمان بوویەوە، بۆیە چاودێران پێیان وایە چیتر ئێران ولاتێک نیە بەتەنیا، بەلکو لق و پۆپی لە زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکەدا داکوتیوە بەتایبەت لە یەمەن و سوریا و عێراق و لبنان، ئەمەش بۆ هەردوو دووژمنە مێژوویەکەی (ئەمریکا و سعودیە) هەرەشەیە لە سەر بەرژەوەندیەکانیان.
ئەو ڕووداوانەی ئێستای ئێران گرنگی تایبەتی خۆی هەیە و دەتوانین بڵێین دەستپێکی قۆناغێکی نوێیە لەو وڵاتەدا، راپەرینی هاوڵاتیانی زیاتر لە پەنجا شار لە سەرتاسەری ئەو وڵاتە و بەشداری کردنی کورد و فارس و ئازەر و بلوش و عەرەب و شیعە و سونە و ئافرەت و پیاو و مامۆستا و پیاوانی ئاینی لە خۆپێشاندانەکان و بەرزبوونەوەی دەنگی ریفرۆمخوازان، بە واتای ئەوەدێت کە رژێمی ئێران ئاستی جەماوەری کەمبۆتەوە و کێرڤی ناڕازیەکان بەرزبۆتەوە. ئەمەش هەرشەی راستەقینەن بۆ رژێمی ئیسلامی ئیران و هەموو ئەو گروپ و حزبانەی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانیان لێدەکرێت، وەک حزب اللە ی لبنانی و میلیشیا شیعیەکانی عێراق و لبنان و سوریا و یەمەن و سەرکردە ئۆپۆزسیۆنەکانی بەحرێن و کوێت و سعودیە و نێجیریا و پاکستان.
بۆیە لە ئێستادا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بیر لە رێگریکردنی فراوانخوازی ئێران دەکاتەوە، بەشێوەیەک هەندێ وڵات پێیان وایە دوای داعش نۆڕەی داماڵینی گروپەکانی سەر بە ئێرانە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ گەماڕۆدانی ئێران لەلایەن ئێرانیەکان لە ناوەوە و وڵاتانی ناوچەکە و جیهان لە دەرەوە، بۆیە ئێران دوو ڕێگای لە پێشە یان گۆڕانکاری بنەڕەتی لە سیاسەتەکەی یان روخانی رژێمی ئێستای ئێران ، کە ئەمەی دووەم زۆر قورس دەبێت بەتایبەت کە هێشتا ئێران وڵاتێکی بەهێزی جیهانە و خاوەن سوپای پاسدارانە لە ناوخۆ و لەدەرەوەش خاوەن حزب اللەی عێراقی و حزب اللەی لبنانی و أنصار اللە لە یەمەن و لیوای الفاطميون لە ئەفغانستان و بزوتنەوەی (النجباء) و عصائب ئەلحەقی عێراقی و بەرەی ئیسلامی بۆ رزگارکردنی بەحرێن و حزب اللەی حجاز لە سعوديە و کۆمەڵەی الزكزاكی (بزوتنەوەی ئیسلامی) لە نێجيريا و سوپای موحەمەد لە پاکستان …. هتد.

بڵاوکردنەوە لە

بۆچوونێک بنووسە