ئورشالیم – قودس ، شارێک نیوەی جیهانە

0

هونەر تۆفیق
اورساليم ، يبوس ،ايلياء،ئورشالیم ، قودس .. لەمێژوودا ئەوەی خاوەنی ئورشالیم بووبێت ، بتوانێت دەستەڵاتی بەسەر ئەو شارەدا هەبێت دەبێتە ئیمپراتۆر . بۆیە بەتەنیا ئەو شارە خۆی نیوەی جیهانە . نیوەی خۆرئاوای گۆی زەوی حەسمە سەربازی و سیاسی و ئایینیەکانی دەکەوێتە ئورشالیم – قودسەوە .
– ئیکۆنی هەموو ئایین و مەزهەبەکانی ، کاسۆلیک ، ئەرسۆزکس ، سونی ، شیعی ، یەهودی ، دورزی ، عەلەوی ، زەردەشتی ، غەنوسی .. هتد بە پەرستگاکانیانەوە لە ئۆرشەلیمدا هەن . قیبلەگای جولەکە و مەسیحی و موسڵمانە . هەر ئایینێک دەستەڵاتی تەواوی بەسەر ئورشەلیمدا هەبێت بۆتە ئایینی باڵادەست لە دنیادا .
– تەمەنی ئەو شارە لەگەڵ تەمەنی مرۆڤی شارنشیندایە ، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دوانزە هەزارساڵ لەمەوبەر . کۆنترین شاری دنیایە تائێستاکە بە زیندوویی مابێتەوە .
– سەرەتای هەموو ئایینە تەوحیدیەکان لە ئۆرشەلیمەوە دەستی پێکردووە و بڵاوبۆتەوە . سەرکەوتن و مانەوەی هەریەکێکیان بەستراوەتەوە بە سەرکەوتن و مانەوەیان لە ئورشەلیمدا .
– لە ئەنجامی ئەو ناکۆکی و شەڕ و شۆڕانەی نێوان ئایینەکان لەمێژوودا شازدە جار ئەو شارە سوتێنراوە و کاول بووە .
– هەندێک شار هەیە بایەخە ستراتیژیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێگەی بازرگانی یان سروشتی و سەربازی ، بەڵام ئورشەلیم – قودس پێگە ئایینیەکەی دەیکاتە شارێکی ستراتیژی لە جیهاندا .
– ئەگەر ئیسلام ئورشەلیم – قودس لەدەست بدات ، مانای وایە ئیسلام نیوەی دین و دنیاکەی لەدەست داوە .. بۆیە کەوتنەکانی قودس بۆ ئیسلام مانای کەوتنی پێگەو هێزی سیاسی ئیسلامە لە جیهاندا . بەهەمان شێوە بۆ ئایینەکانی تریش هەمان مانا دەگەیەنێت بەتایبەتی بۆ جولەکە و مەسیحی ..
– باگراوندە مەسیحیەکەی دەوڵەتی ئەمریکا و خودی ترامپ ، بە گواستنەوەی سەفارەتی ئەمریکا لە تەلئەبیبەوە بۆ ئۆرشەلیم ڕێگەی پێنادات مەبەستی لەوەبێت دەستەڵاتی ئایینی و سیاسی جولەکە بکاتە ( سەید) ی جیهان . چونکە پێدانی ئەو خەڵاتە مەزنە بە جولەکە بەر لەوەی شکست بێت بۆ ئیسلام ، شکستێکی گەورەیە بۆ مەسیحیەکان . بۆیە ئەمریکا هەڵەیەکی گەورەی وا ترسناک ناکات کە ئایینەکەی خۆیان لەبەین بەرێت . گواستنەوەی سەفارەتی ئەمریکی بە فەرمانی ترامپ تەنیا نمایشێکی سیاسی و هەرزانەی سەرۆکی ئەمریکایە و جۆرێکە لەهەڕەشە و چاوسوورکردنەوەش لە جیهانی عەرەبی – ئیسلامی کە نابێت پەیوەندی جولەکە و موسڵمان بگاتە ئاستی ئاشت بوونەوە . لەبەر ئەوەی لەو ئاشت بوونەوەیەدا کە سعودیە نوێنەرایەتی دەکات لەدژی ئێران ، دنیای مەسیحی و ئەمریکا بەتایبەتی زەرەر مەند دەبن . ترامپ ئەو مەلەفی ئاشتبوونەوەی بەو فەرمانە سوتاند .

بڵاوکردنەوە لە

بۆچوونێک بنووسە