ئاڵۆزیەکانی نێوان ئێران و سعودیە و هەڵگيرسانى جەنگێکی چاوەڕوانکراو لە ناوچەکەدا

0

جێگر برادۆستی

ئێران و سعودیە دوو وڵاتی رکابەری مێژووی یەکترن لە رۆژهەلاتی ناوین دا، کێشە و ناکۆکیەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە تازە نیە بەڵکو باکگراوەندێکی مێژوویان هەیە، بەشێوەیەک پەیوەندی نێوانیان بەردەوام لە هەلکشان و داکشاندا بووە، بەڵام لەدوای کۆتای هاتنی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران، هیچ قۆناغێک وەک ئەم قۆناغە پەیوەندیەکانیان ترسناک و ئاڵۆز نەبووە. بە پشت بەستن بە قسەکانی میرنشینی سعودیە شازادە محمد بن سەلمان کە دەڵێت (ئێران مووشەکی دوورهاوێژی بە حوسیەکان داوە تا بۆردمانی سعودیە بکات و بەم شێوەیەش ڕاگەیاندنی جەنگی دژی سعودیە ڕاگەیاند و ئێمەش لەو کارەی ئێران بێدەنگ نابین)، ئەم قسانەی جێنشینی سعودیە ئامەژەگەلێکن کە ناوچەکە لەماوەیەکی نزیکدا کۆمەلێک پێشهاتی تازە بەخۆوە دەبینێت و سەرئەنجام کێشەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە پەرەدەسەنێت و مەترسی پێکدادانی نا ڕاستەوخۆشی لێدەکرێت.

چاودێرانی سیاسی و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان پێیان وایە گۆڕەپانی ئەو پێکدادانە ناڕاستەوخۆیانەش سەرەتا لە وڵاتی یەمەن دەبێت و دواتر بۆ ناو لبنان دەگوازرێتەوە و بەم شێوەیەش لبنان گۆڕەپانی جەنگی راستەوخۆی نێوان ئەم دوو وڵاتە بەهێزەی رۆژهەڵاتی ناوین دەبێت، بەتایبەتی کە لە ئێستادا سەعد حەریری لە ریازی پایتەختی سعودیەیە و هەرلەوێش دەست لەکارکێشانەوەکەی لە پۆستی سەرۆکایەتی حکومەتی لبنان ڕاگەیاند و لە کاتی دەست لەکارکێشانەوەکەشدا، حەریری ئێرانی تاوانبارکرد بەوەی کە لە ڕێگەی حزب اللە ی لبنانی کۆنترۆڵی دۆخی لبنانی کردووە، بەوەش دۆخەکە تەواو گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار، ئاماژەکانیش بۆ ئەوەدەچن کە ئەو کارەی حەریری بەزۆر پێیکرابێت، چونکە بەر لەو سەردانە سەرۆک وەزیڕانی لوبنان کومەلێک دیداری هەبووە لەگەل بانکی نێودەوڵەتی ئەوەش ئاماژەن بۆئەوەی سەعد حەریری بەرنامەی دەست لەکارکێشانەوەی نەبووە بەڵکو بەزۆر ئەو کارەی پێیکراوە، دوای ئەم رووداوەش شازادە محمد بن سەلمان بەوە نەوەستا بەڵکو خێرا دەروازە ئاوی و وشکانی و ئاسمانیەکانی یەمەنی داخست.
ئەم پەرچەکردارانەش بۆ ئەوە دەگەڕێنەوە کە سعودیە پێشتر نیگەران بووە لە مامەڵەی ئیدارەی ترامپ لەگەل ئێراندا و پێی وابوو کە ئەمریکا هەڵەی کرد بە واژووکردنی رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا لە 2015دا، بەڕای سعودیەکان ئەو رێککەوتنە ئازادی زیاتری بە ئێراندا تا پێگە و نفوزی خۆی لە ناوچەکەدا بەهێزتربکات.

پێشتر سەرانی سعودیە مەترسیەکانیان لەهەمبەر فراوانخوازی ئێران بە ئاشکرا ڕاگەیاندوە و هەڵوێستەکانی سەرۆکی پێشوی ئەمریکا باراک ئۆباما یان پرۆتستۆکردوە لە ناوچەکەدا. ئەو مەترسیانەش تەنها پەیوەندی بە رێککەوتنە ئەتۆمیەکە نەبوو، بەڵکو سعودیە نیگەران بوو لە چۆنیەتی مامەڵەکردنی ئەمریکا لەگەڵ ئێران لە پرسی سووریا، سعودیەکان پێی وابوو ئەو سیاسەتەی ئیدارەی ئۆباما هۆکارێکە بۆ درێژەکێشانی ململانێ نێوخۆیەکانی سوریا، بەم شێوەیەش ناتوانن بگەن بە چارەسەرێکی سیاسی بۆ پرسی سوریا تا ئەوکاتەی ئێران لەپشت رژێمەکەی ئەسەدەوە بێت کە تاوانبارە بە کۆمەڵکوژی هاولاتی سڤیل لەولاتەکەیدا.

لەکاتێکدا کە دۆخی سوریا گۆڕانکاری خێرای بەخۆوە بینی بەهۆی دەستتێوەردانی سەربازی روسی و دەرکەوتنی ناکۆکیەکانی نێوان تورکیا و سعودیە بەهۆی کێشەی قەتەر و وڵاتانی کەنداو، رووداوەکان بە پێچەوانەوە بوونەتەوە، بەشێوەیەک هەریەکە لە روسیا و ئێران و تاڕادەیەکیش تورکیا کۆنترۆڵی دۆخی سوریا یان کردووە و گفتوگۆکردن لە سەر دورخستنەوەی بەشار ئەسەد و رژێمەکەشی کاڵبۆتەوە، بەڵام ئەمریکا هەموو هەوڵەکانی چڕکردۆتەوە بۆ نەهێشتنی گروپی تیرۆرستی داعش لە ئێستادا، بوونی هێزی سەربازی وڵاتەکەشی لە عێراق و سوریا یەک ئاماجی هەیە ئەویش دووبارە نەبوونەوەی سەرهەڵدانی گروپی تیرۆرستی لەو دوو وڵاتە.

دەبینین لەگەڵ دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترامپ لە کۆشکی سپیدا، روداوەکان گۆڕانکاریان بەسەرداهات، ترامپ بەردەوام دژایەتی خۆی لە رێککەوتنە ئەتۆمیەکەی لەگەڵ ئێراندا ڕاگەیاندوە و نیازی هەڵوەشاندنەوەشی نیشانداوە، ئەم هەوڵانەی ترامپ بۆ سعودیەکان مایەی خۆشحالیە و واهەست دەکەن کە کاتی هاتووە لەگەڵ ئیدارەی ترامپ لەبەردەم فراوانخوازی ئێران بوەستنەوە، بۆیە لەرێگەی شازادە محمد بن سەلمان دەستیان کردووە بە هەڵمەتێکی فراوانی نێوخۆیی و دەرەکی بۆ دوو ئامانج، یەکەم لەناوبردنی بەربەستە نێوخۆییەکان لەبەردەم شازادە محمد و دووەمیش لاوازکردنی رۆلی ئێران لە ناوچەکەدا، بەتایبەت لە عێراق و لبنان و یەمەن دا.

سعودیە وادەبێنێ کە ئێران مەترسیەکی گەورەیە لەسەر ئێستا و داهاتووی وڵاتەکەیان و ئەو ستراەیژیەتە ئابووری و سیاسیەی کە شازادەی جێاشینی سعودیە پلانی بۆ داناوە ئەنجامیانبدات پێش ساڵی 2013، چونکە فراوانخوازیەکانی ئێران لە عێراق و لبنان و یەمەن و سوریە پلانێکی ستراتیژی درێژخایەنی ئێرانیەکانە بۆ گەیشتنی دەسەڵاتیان بە کەناراوەکانی ناوەڕاست و کۆتنرۆلکردنی تواناکانی سعودیە لە ناوچەکەدا. ئەم هەڵوێستەش بە ئاشکرا میڕنشینی سعودیە محمد سەلمان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی العربیە باسی لێوەکردووە کاتێک ووتی (( رژێمی ئێران کار لەسەر ئایدلۆژیەتێکی توند دەکات چۆن لەگەڵ ئەو ئایدلۆژیەتە مامەلەبکەین؟ لەکاتێکدا دەزانین سعودیە ئامانجی یەکەمی ئەو سیاسەتە و ئایدلۆژیەتەیەی ئێرانە)).
هەروەها ئێران وا لە سعودیە دەڕوانێت کە رکابەری یەکەمیەتی لە رۆژهەڵاتی ناوین دا، وە سعودیە کار لەسەر دوورخستنەوەی ولاتانی ناوچەکە دەکات دژی ئێران و هەماهەنگی و بەرنامەرێژی لەگەل ئەمریکاش دەکات بۆ لێدان لە بەرژەوەندیەکانی ئێران و ئۆپۆزسیۆنی شیعی لە ناوچەکەدا دەچەوسێنێتەوە بەتایەتی لە نێوخۆی وڵاتەکەیدا.

ئێستا سعودیە پێداگیری لەسەر ئەوەدەکات هەرچی زووە دەبێت پێش بە ئێران بگرێت لە یارمەتیدانی حۆسیەکانی یەمەن، چونکە سعودیە ترسی هەیە لەوەی ئێران و هاوپەیمانەکانی بتوانن دەستبگرن بەسەر گەروی باب المندب، ئەگەر ئەمەش ڕوویدا، ئەوا ئێران سەرکەوتنێکی گەورە تۆماردەکات بەسەر رکابەرە مێژووییەکەی کە سعودیەیە.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایهاتنی شەری داعش لە عێراق و سوریا وادەردەکەوێ کە ئێران هێشتاکە زۆر بەهێزە لە ناوچەکەدا ئەمەش لە دەرئەنجامی دروستکردنی دەیان گروپی چەکداری خاوەن دەیان هەزار چەکدار لە عێراق و سوریا و یەمەن و لبنان، لەم دوایانە سەرۆکی ئێران حەسەن روحانی بە ئاشکرا ووتی ناکرێت بەبێ ئێران هیچ هەنگاوێکی چاکسازی و گۆڕینی سیستەمی حوکمرانی بهاوێژرێت لەهەریەکە لە عێراق و سوریا و لبنان و یەمەن و باکووری ئەفریقیا و کەنداو، ئەو لێدوانەش تەواو سعودیەی نیگەرانکردووە.
ئەوەی کە زیاتر سعودیەی نیگەران کردووە پشتگیری کردنی ئێرانە لەو کەمینە شیعیەی لە سعودیە و هەندێ وڵاتی تری عەرەبی هەیە لە ناوچەکەدا، بەتایبەت کە ئێران وڵاتێکی بەهێزی ناوچەکە و جیهانە، مێژوویەکەی پرشنگداری هەیە و لە ئێستاشدا تواناکانی زۆر زیاتربوونە، بۆیە سعودیە بەهەماهەنگی ئیمارات و میسر و بەحرێن و بەئاگاداری ئەمریکا دەیەوێت ڕۆلی ئێران کەمبکاتەوە و ببێتە رێگر لەبەردەم فراوانخوازی ئێران لە ناوچەکەدا.

دەرئەنجام
شرۆڤەکارانی سیاسی و ستراتیژی پێشبینی دەکەن کێشەکانی نێوان سعودیە ــ ئێران تەواوی رۆژهەڵاتی ناوین و باکووری ئەفریقیا بگرێتەوە بەتایبەت دوای تەواو بوونی شەری داعش لە سوریا و عێراق کە پێشبینی دەکرێت لە ماوەی چل روژی داهاتوو کۆتایهاتنی ئەم شەڕە رابگەینرێت، یەکەم پێکدادانی راستەوخۆش لە لوبنان دەبێت و دواتر یەمەنیش بەتەواوی دەگرێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش ئەمریکا رۆلی گرنگی دەبێت لە یارمەتی دانی سعودیە بۆ رێگریکردنی فراوانخوازی ئێران لە ناوچەکەدا، یەکێک لە هەوڵەکانی میرنشینی سعودیە بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی بەمەبەستی کۆکردنەوەی کۆمەکی داراییە بۆ ئەم جەنگە چاوەڕوانکراوە ، بەم شێوەیەش شەڕی داهاتووی رۆژهەڵاتی ناوین دوای کۆتای هاتنی داعش، شەڕی لاوازکردنی ڕۆلی ئێرانە لەو ناوچە پڕکێشە و ناوکۆکیەی جیهان.

بڵاوکردنەوە لە

بۆچوونێک بنووسە