رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی داوای هەلبژاردنێکی پاک و بێگەرد دەکەن

0

ئەمرۆ دووشەم 9ی تشرینی یەکەم ژماره‌یه‌ك له‌ ڕێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵی‌ مه‌ده‌نی‌ له‌ڕێگه‌ی‌ یاداشتنامه‌یه‌كه‌وه‌ کۆمەڵێک ڕه‌خنه‌ی یاساییان ئاراسته‌ی‌ سەرۆک و ئەندا انی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەلبژاردن و راپرسی لە هەرێم کرد.
لە کۆبوونەوەکە کە ژمارەیەک رێکخراوی دیاری کوردستان نموونەی (ئینستتیوتی پەی و پەیمانگای ناوین بۆ پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان و ئینستتیوتی برادۆست بۆ گەشەپێدان)و چەند رێکخراوێکی دیکە بەژداربوون، بە به‌رپرسانی‌ كۆمیسیۆنی باڵای هه‌لبژاردنه‌كانیان راگەیاند کە كۆمسیۆن چه‌ندین بڕیاری‌ نایاسایی‌ ده‌ركردووه‌ و له‌زۆربه‌ی‌ بڕیاره‌كاندا واده‌یه‌كی‌ كه‌می دیاریكردووه‌ كه‌ قه‌واره‌كان نه‌توانن ڕێكاره‌ یاساییه‌كانیان بگرنه‌به‌ر.
هەوەها وابڕیارە ئەو ژمارە رێکخراوە لە رۆژانی داهاتوو سەردانی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و لایەنە سیاسیەکان بکەن و یاداشتنامەکەیان پێشکەش بکەن.
ئەمەش دەقی یاداشتنامەکەی 18 رێکخراوی کۆمەڵی مەدەنیە که ئەمرۆ پێشکەشی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەلبژاردن و راپرسی هەرێمیان کرد

بەڕێزان/ سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان
فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی
ئەنجومەنی شورا
بابەت/ یاداشتی رونكردنەوە
لە رووی یاساییەوە رۆژی (6/11/2017) تەمەنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی دێت، بۆیە پێویستبوو بەپێی یاسا بەلایەنی كەم بەر لە (60) رۆژ، واتە دوو مانگ بەر لەتەواوبوونی وادەی پەرلەمان، هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت كەچی ئێستا بەر لە (6) رۆژ ئەنجام دەدرێت، ئەوەبوو هەریەك لە بەرێزان (مەسعود بارزانی) بەناوی سەرۆكایەتی هەرێم لە رۆژی (8/6/2017) و (د.یوسف محمد) بە ناوی سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە (29/5/2017) لە دوو نوسراوی جیادا داوایان لە كۆمسیۆن كرد رۆژی هەڵبژاردن دەستنیشانبكرێت، بەڵام بەهۆی دەسنیشان نەكردنی وادەی هەڵبژادن لەلایەن كۆمسیۆنەوە، هەر بەرێز بارزانی لە (19/7/2017)بە نوسراوێك بۆ كۆمسیۆن رۆژی (1/11/2017)ی دەستنیشانكرد و كۆمسیۆنیش لە رۆژی (14/8/2017) وەڵامیدایەوەو كە لەكاتی دیاریكراودا ئامادەن هەڵبژاردنەكە ئەنجام بدەن. بەپێی یاسا دەبوایە تائێستا هەموو ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمان تەواو بوونایە و ئێستا بانگەشەی هەڵبژاردن دەستیپێبكردایە، بەڵام هیچ ئامادەكارییەكان لە وادەی یاسایی خۆیاندا نین. (جا هۆكارەكەی لەبەر سەرقاڵی كۆمسیۆنەوە بێت بە پرۆسەی راپرسیەوە یا هەر هۆكارێكی تر).
ئەوەی تێبینی دەكرێت ئێوارەی رۆژی (4/10/2017) لە ماڵپەڕی كۆمسیۆن راگەیاندنێك بە مێژووی (2/10/2017) بڵاوكراوەتەوەو تیایدا هاتووە:
1-ماوەی پێكهێنانی هاوپەیمانێتی نێوان لایەنە سیاسیەكان لە رێكەوتی (3/10/2017 تا 6/10/2017) دەبێت.
2-ماوەی پێشكەشكردنی كاندید بۆ پەرلەمانی كوردستان لەڕێكەوتی (9/10/2017 تا 13/10/2017) دەبێت.
3-هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمان لە (15/10/2017 تا 29/10/2017) دەبێت.
لەهەمان نوسراودا هاتووە كە: “بەلەبەرچاوگرتنی كەمیی كات و ئەو وادانەی كە دیاریكراون جێگیرن و گۆڕانكارییان بەسەردا نایەت”.
ئەوەی تێبینیە لای ئێمە، لەم بڕیارەدا یاسا شكێنی كراوەو هیچ پێوەرێك لەبەرچاو نەگیراوە، لێرەدا بەچەند خاڵێك دەیخەینەڕوو:
یەكەم: سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان:
1-پێشتر كۆمسیۆن پەیڕەوی ژمارە (1)ی ساڵی 2017 ی دەركردووە بەناوی (پەیرەوی ئامادەكردن و نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران و خستنەڕووی تانەكان بۆ سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی كوردستان-عێراق) كە ئەمەش بەلای كەمەوە دوو مانگی پێویستە، لە خاڵی (1)ی بەشی چوارەمی هەمان پەیرەوەدا هاتووە كە دوای ئەوەی تۆماری دەنگدەران نوێ دەكرێتەوە و دەخرێتە روو بەمەرجێك بەلایەنی كەمەوە(15) رۆژ بەر لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكان بێت، بەپێی ئەمە دەبێت تا (14/10/2017) پرۆسەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران تەواو بێت، ئەمە لەكاتێكدا كە تەنها (6) رۆژی ماوەو كۆمسیۆنیش هیچ ئامادەكارییەكی نەكردووەو تا ئێستا نە رایگەیاندووەو نە هیچ بنكەیەكی بۆ ئەم مەبەستە كردۆتەوە. بەپێی ئەمە لەوە دەچێت كۆمسیۆن خۆی لەو پەیرەوە بواردبێت كە هیچ كاتێكی بۆ دانەناوە، دیارە ئەمەش نایاساییە.
2-ماوەی پێكهێنانی هاوپەیمانیەتی كە (3 تا 6/10/2017)ی بۆ تەرخانكراوە، ئەم كاتە كەمەو جگە لەوەی خودی كۆمسیۆن راگەیاندنەكەی رۆژێك درەنگتر بڵاوكردۆتەوە، ئەمەش كارێكی نایاساییە.
3-ماوەی پێشكەشكردنی كاندید (9 تا 13/10/2017) ی بۆ تەرخانكراوە، ئەمەش پێچەوانەی یاسایە، چونكە لە بڕگەی (2)ی مادەی (22)ی یاسای ژمارە (1)ی سالی 1992 ی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا هاتووە: “لیستی پاڵێوراوەكان لەماوەی (15) رۆژ لەبەرواری راگەیاندنی وادەی هەڵبژاردن پێشكەش بە كۆمسیۆن دەكرێت و هەموو بەڵگەنامەیەكی پێوە دەلكێنرێ كە لەمادەی بیست و یەكەمدا داواكراون”. ئەمە لەكاتێكدایە كە وادەی هەڵبژاردن لە (14/8/2017) لەلایەن كۆمسیۆنەوە راگەیەنراوە، كە نەك (15) رۆژ بەلكو (56) رۆژی بەسەردا تێپەڕیوە. جگە لەمە تەنها ماوەی (5) رۆژ بۆ ئامادەكردن و پێشكەشكردنی لیستی ناوی كاندیدەكان دانراوە، ئەمەش كاتێكی كەمە و لەگەل هیچ ستانداردێكدا وێكنایەتەوە. جگە لەمە لە ماوەی تەنها یەك رۆژدا كۆمسیۆن كە تەنها رۆژی (14/10/2017)ی لەبەردەمە چۆن دەتوانێت لیستی نزیكەی (30) قەوارە سیاسی كە زۆرینەیان هەریەكەیان (100) كاندیدیان هەیەو لیستی كۆتاش كە هەریەكەی (5) كاندید لەخۆدەگرێت پێداچوونەوەو راستاندنیان بۆ بكات؟ چونكە رۆژی (15/10/2017) بانگەشەی هەڵبژاردن دەست پێدەكات!
4-ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن (15 تا 29/10/2017) ی بۆ تەرخانكراوە، كە (14) رۆژ دەخایەنێت و ئەو ماوەیەش لەگەل پێوەرەكان وێك نایەتەوە.
5-لە رۆژی (15/10/2017) بە حیسابی كۆمسیۆن راستاندنی لیستی كاندیدەكان تەواو دەبێت، و تا كاتی هەڵبژاردن تەنها (15) رۆژ لەبەردەمدایە، ئایا كۆمسیۆن بە ئامادەكردن و چاپكردنی كارتی دەنگدان و دابەشكردنیان بەسەر بنكەكانی دەنگداندا رادەگات؟ كە پێویستە لەبەر كوالیتی لەدەرەوە چاپ بكرێت، ئایا بە چاپكردن و دابەشكردنی فۆرمەكانی پەیوەندیدار بە پرۆسەی هەلبژاردن كە (11) فۆرمە رادەگات؟
دووەم: هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێم:
1-بەپێی راگەیاندنی ژمارە (18)ی كۆمسیۆن كە لە 17/9/2017 دەرچووە، ماوەی تۆماركردنی كاندید بۆ سەرۆكایەتی هەرێم تا (3/10/2017) درێژ كراوەتەوە، كە ئەمەش نایاساییە، چونكە لە بڕگەی یەكەمی مادەی حەوتەمی یاسای ژمارە (1)ی سالی 2005 ی سەرۆكایەتی هەرێمدا هاتووە: “داوای خۆپاڵاوتن، لانی كەم، پێش (30) رۆژ لەوادەی هەڵبژاردندا پێشكەش بە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن كرابێت”. بەڵام ئەم وادەیە كەمترە و (27) رۆژ دەكات نەك (30) رۆژ و نایاساییە.
2-تا كۆتایی هاتنی ئەم وادەیەش (3/10/2017) لەگەڵ نایاسایی بوونی كاتەكەشدا، تەنها یەك كاندید خۆی تۆمار كردووە.
3-لە راگەیاندنی ژمارە (22) كە بە مێژووی (2/10/2017) بڵاو كراوەتەوە بەهیچ شێوەیەك باس لە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم و بانگەشەی هەڵبژاردن و رێكارەكانی نەكراوە. لەكاتێكدا هەردوو پرۆسە دەبێت هاوتەریب بەڕێوە بچن، بەلام لەوە دەچێت هەڵبژاردن بۆ سەرۆكایەتی هەرێم لە ئەجێندای كۆمسیۆندا نەبێت!
4-ئەگەر لە حاڵەتێكدا هەڵبژاردنی پەرلەمان بكرێت و سەرۆكایەتی هەرێم نەكرێت، پەرلەمانی نوێ‌ ناتوانێت دەست بەكار بێت، چونكە بەپێی بڕگەی (3) لە مادەی (10)ی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 2005 ی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەبێت سەرۆكی هەرێم بانگهێشتیان بكات بۆ یەكەم كۆبوونەوەو لەبەردەمی سەرۆكی هەرێمدا سوێندی یاسایی بخۆن.
5-پەرلەمانی نوێ‌ ئەگەر هەڵبژێردرێت ناتوانێت یاساو بڕیار دەربكات، چونكە بەپێی بڕگەی (1) لە مادەی (10)ی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 2005 ی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان پێویستی بە مەرسوم هەیە و كەسیش نابێت مەرسوم دەربكات.
6-پەرلەمانی نوێ‌ ئەگەر هەڵبژێردرێت ناتوانێت حكومەتی تازە پێكبهێنێت، چونكە بەپێی بڕگەی (12) و (13) لە مادەی (10)ی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 2005 ی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان پێویستە سەرۆك هەبێ مەرسوم دەربكات.
ئەنجام:
پێویستە ئەم ڕاستیە بخەینە ڕوو كە بە ئاستی ئامادەكاریەكانی ئێستا و نەبوونی تۆماری دەنگدەارنی پەسەند كراو، و هۆكارە هونەری و زەمینە قانوونی پێویست، هەڵبژاردنی ئازاد و تەندروست ناكریت لە 1/11/2017. بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد ئەنجام بدرێت و متمانە بۆ هاولاتیان بگەڕێتەوەو حزبەسیاسیەكانیش دان بە ئەنجامەكانیدا بنێن، پێویستە زوو بە زوو ئەم هەنگاوانە بنرێن:
1-ستاندارتە نێودەوڵەتیەكان لە هەڵبژاردندا لەبەرچاو بگیرێت.
2-كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لەپەیڕەو و رێكارەكانیدا یاسا بەركارەكان لەبەرچاو بگرێت و لێیان لانەدات.
3-كاتێكی دیاریكراو بۆ نوێكردنەوەو پاك كردنەوەی تۆماری دەنگدەران دابنرێت.
4-لایەنە پەیوەندیدارەكان (ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتەكانی تەندروستی و ناوخۆ و بازرگانی و پێشمەرگە و پلاندانان) مولزەم بكرێن بەوەی هاوكاری كۆمسیۆن بكەن لە ئامادەكردن و پاك كردنەوەی تۆماری دەنگدەراندا.
5-پێداویستیە مادی و مەعنەوییەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دابین بكرێت، و بودجەی پێویستی بۆ تەرخان بكرێت.
6- یەك تۆماری دەنگدەرانی یەكگرتووی پاگژ ئامادە بكرێت و لە ناوی دووبارەو مردوو و ساختە پاك بكرێتەوە.
7- هەوڵبدریت بەهەموو شێوەیەك هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەپێی یاسا و ستانداردە نێودەوڵەتیەكان بەڕێوە ببرێت.
8-زەمینەسازی بۆ متمانەی نێوان هێز و لایەنەكان لە پرۆسەی هەلبژاردندا لە پێناو سەرخستن و پەسەندكردنی ئەنجامەكانی.
تكایە داوای وەلام و رونكردنەوە لەبەڕێزتان دەكەین لەئاست ئەو یاسا شكێنیانەدا، داواكارین لەپێناو هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردا هەموو هەولێكی خۆتان بخەنە گەڕ، لەحالەتی نەبوونی وەلامدا ناچارین هەموو رێگەو فشارێكی مەدەنی بگرینەبەر و رای گشتی ناوخۆ و دەرەوەشی لێ ئاگادار دەكەینەوە.
لەگەل رێزدا

1. پەیمانگای پەرەپێدانی یاسایی
2. ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان
3. پەیمانگای ناوین بۆ پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان
4. ئینستتیوتی بردۆست بۆ گەشەپێدان
5. رلکخراوی کوردستان بۆ هەمووان
6. رێکخراوی ستۆپ بۆ دژە گەندەڵی
7. سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ
8. رێکخراوی کوردۆ زانست بۆ دیموکراسی و مافی مرۆڤ
9. رێکخراوی چاوی زانکۆ
10. رێکخراوی لیزا بۆ گەشەپێدانی مرۆیی
11. رێکخراوی رێکان بۆ ئامادەکردنی سەرکردە
12. رێکخراوی گەیاندن بۆ چالاکیە دیموکراسیەکان و مافی مرۆڤ
13. رێکخراوی رونیا بۆ هوشیاری
14. تۆڕی لیدەر
15. پەیمانگای کوردی بۆ دیالۆک
16. رێکخراوی جوگرافیای گشتی کوردستان
17. رێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان
18. رێکخراوی هەڵوێست

بڵاوکردنەوە لە

بۆچوونێک بنووسە