وەفدى سەرکردایەتى کورد سەردانى کەرکوکى کرد

0

ناوین : هەولێڕ


ڕۆژى سێ شەممە بەروارى ١٢-٩-٢٠١٧ مەسعود بارزانى سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کۆسرەت رەسول جێگرى سەرۆکى هەرێم سەردانی کەرکووکیان کرد و لەگەڵ دکتۆر نەجمەدین کەریم پارێزگارى ئەو شارە کۆبوونەوە .

لە گوتەیەکدا مەسعود بارزانى ڕایگەیاند, گشتپرسی دواناخرێت, خەڵکی کەرکووک بە هەموو ئایین و پێکهاتەکانییەوە خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان دەدەن و “وەک چۆن قبوڵناکەین ناسنامەی عەرەبی بەسەرماندا بسەپێنرێت، ئێمەش ناسنامەی کوردی بەسەر کەسدا ناسەپێنین

بارزانی گوتى , بڕیاری گشتپرسیمان دا، چونکە بەداخەوە نەتوانرا شەراکەتێکی راستەقینە دروستبکرێت, زۆر هەوڵماندا ناسنامەیەکی عێراقی دروستبکەین کە هەموومان بپارێزێت، بەڵام ئەمە رووینەدا, گەلی کوردستان سەلماندوویەتی ئاشتیپارێزە، هەرگیز جەنگ بژاردەی گەلی کوردستان نەبووە، بەڵام بەسەرماندا فەرزکراوە.

هەروەها جەختی لەوە کردەوە “جگە لە خەڵکی کەرکووک کەس بڕیار لە چارەنووسی خەڵکەکەی نادات و عەرەب و تورکمانەکانیش دەبێت وەکو کورد هەموو ئیمتیازاتێکیان هەبێت,

لەبارەی هەندێک لێدوان و هەڕەشە لە گەلی کورد، بارزانی رایگەیاند , ئەگەر کەسێک بیر لە هەڕەشە و جێبەجێکردنی هەڕەشەکەی بکاتەوە، دەبێت پێشبینی ئەوە نەکات ئێمە دەوەستین و سەیریان دەکەین

لەبارەی بڕیاری گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان و جیابوونەوە لە عێراق، بارزانی گوتی ١٤ ساڵە ئارام دەگرین، تەحەمول دەکەین، پرسیارەکەش ئەوەیە بۆچی بەغدا ماددەی ١٤٠ـی جێبەجێ نەکرد؟, ئێستاش رەنگە دواخستنی گشتپرسی کێشەیەک دروستبکات کە نەتوانین کۆنترۆڵی بکەین، ئێمە دەبووایە لە ساڵی ٢٠٠٨ گشتپرسی بکەین”.

سەرۆکى هەرێمى کوردستان ئەوەشى گوت , گشتپرسی لە کەرکووک لە دەرەوەی یاسا نییە، هەر کوردێک نەیەوێت دەنگ بدات با نەیدات، بابەتەکە بەزۆر نییە، تەنیا دەمانەوێت بزانین زۆربەی خەڵک چی دەوێت”.

بارزانی دڵنیایی بە پێکهاتەکانی کەرکووک دا کە لە دەستووری کوردستاندا مافەکانیان پارێزراو دەبێت و گوتی “شەراکەتێکی راستەقینە لە دەوڵەتی کوردستاندا دەبێت، نابێت یەک ماددە لە دەستووردا هەبێت، کە رێگە بە جیاوازی لە پێکهاتەکانی کوردستان بدات.

دواى وتەکانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان کۆسرەت رەسول جیگرى سەرۆک داوای لە هەموو پێکهاتەکانی کەرکووک کرد کە بەشداری لە گشتپرسیدا بکەن و دەنگی خۆیان بدەن.

لە گوتەکەیدا کۆسرەت رەسول عەلی، رایگەیاند، لە بەغدا شەراکەتی حوکمڕانی نەماوە و هەموو بەرپرسەکانی کورد لە بەغدا دەرکراون.

بڵاوکردنەوە لە

بۆچوونێک بنووسە