ئه‌مینداری گشتی كۆمكاری عه‌ره‌بی سەردانى هەولێرى کرد

0

ناوین : هەولێر


رۆژى شەممە بەروارى ٩-٩-٢٠١٧ ئەحمەد ئەبو غەیث ئەمیندارى گشتى کۆمکارى عەرەبى سەردانى هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستانى کرد و لە لایەن مەسعود بارزانى یەوە پێشوازى کرا

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، كه‌ ئه‌ندامانی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبی ستاییشی ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد لە تێكشكاندنی داعش و پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و ئازادكردنی موسڵی لە سەرۆك بارزانی كرد. هەروەها پێزانینی هەبوو بۆ پێشكەوتنە هەمەلایەنەكانی هەرێمی كوردستان و جەختی لەوە كردەوە كە هەرێمی كوردستان بۆ كۆمكاری عەرەبی جێگەی بایەخە و كۆمكاری عەرەبی خوازیاری سەقامگیری و بەهێزبوونی كوردستانە.

پێشتریش ئه‌بو غه‌یت، له‌ نامه‌یه‌كدا، كه‌ ئاراسته‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی كردبوو، داوای دواخستنی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆی ده‌كرد، له‌ وه‌ڵامی نامه‌كه‌شدا، مەسعود بارزانى جه‌ختی له‌ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌ كاتی دیاریكراوی خۆیدا كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، هه‌موو رێگه‌كان تاقیكراونه‌ته‌وه‌ و متمانه‌ له‌ عێراقدا نه‌ماوه‌.

ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبی ئاماژەی بە ئەو نەهامەتییانەدا كە بەسەر گەلی كوردستاندا هاتووە و ڕایگەیاند كە لەژێر ڕۆشنایی وەڵامی سەرۆك بارزانی بۆ نامەكەی، هاتووە كە لە نزیكەوە لەبارەی كێشەكان و ئاییندەی هەرێمی كوردستان و عێراق لەگەڵ بارزانی بدوێت و ئەوەی خستەڕوو كە بەو ئەنجامە گەییشتووە كە پێویستە گەلی كوردستان بپارێزرێت و هەروەها دەرفەتێك بە هەرێمی كوردستان و عێراق بدرێتەوە كە بەیەكەوە بژیێنەوە و نیگەرانیەكانیشی بە بارزانی ڕاگەیاند لە بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان و داوای كرد كە ڕیفراندۆم بۆ ماوەیەك دوابخرێت و لەژێر چاودێریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دانوساندن لەنێوان هەرێم و بەغدادا بكرێت.

لەبەرانبەردا بارزانی بەخێرهاتنی ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبی و شاندی یاوەری كرد و وێڕای ئاماژەدان بە ڕەهەندە جۆراوجۆرەكانی شەڕی تیرۆریستانی داعش ڕایگەیاند كە سەرباری نەبوونی چەك و دۆخی نالەباری ئابووری پێشمەرگە بە خوێنی خۆی ئەفسانەی داعشی شكاند و ئەوە بۆ گەلی كوردستان مایەی شانازییە.

هەروەها باسی هەڕەشەكانی تیرۆری كرد لەسەر ئاشتی و ئاسوودەیی گەلان و ڕایگەیاند كە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر هەوڵێكی هەمەلایەنەی پێویستە و دەبێ شەڕی فكری و كۆمەڵایەتی و ئابووریی تیرۆریش بكرێت.

لەبارەی بابەتی ڕیفراندۆمیش مەسعود بارزانی بە ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبی ڕاگەیاند , ڕیفراندۆم بڕیارێكی تاكەكەسێك نییە كە بە ئاسانی دوابخرێت بەڵكو بڕیاری خەڵك و هێزە سیاسییەكانی كوردستانە.

بڵاوکردنەوە لە

بۆچوونێک بنووسە