لە گەلی کوردەوە بۆ هاووڵاتیانی کوردی عیراق ..!

0

دکتۆر جەبار قادر

لە کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی حەفتانەی سەرۆك وەزیرانی عیراقدا حەیدەر عەببادی لە ڕۆژی ٦ ئەیلولی ٢٠١٧ ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام هەوڵی بێوچانی عەببادی بوو بۆ بەکارهێنانی دەستەواژەی هاووڵاتیانی کوردی عیراق، نەک گەلی کورد لە عیراق، کە پێشتر ئەو و هەموو کاربەدەستان و بەرپرسانی سیاسی عیراق هەر بەمەی دوایی ناوی کوردیان دەهێنا. ئایە ئەمە نیشانەی سیاسەتێکی نوێیە لە عیراق؟. دەبێت پاشخانی فیکری و سیاسی ئەم سیاسەتە نوێیە لە کوێوە سەرچاوەی گرتبێت؟ لێکەوتەکانی ئەم تێندێنسە نوێیە چی دەبن؟. پێموایە ئەم پرسانە پێویستیان بە هەندێ لێکدانەوە و شیکردنەوە هەیە.

یەکێ لە کێشەکانی کورد لە وڵاتانی داگیرکەری کوردستاندا پرسی پێناسەی گەلی کوردە، یا بە وتەی خوێنەوارانی ئەم سەردەمە پرسی شوناسە. لە کۆماری تورکیادا بۆ دەمێکی دوور و درێژ دان بە هەبوونی کورددا نەدەنرا، بۆیە باسی پێناسەکەشی لە ئارادا نەبوو. دوای ئەوەی باس و خواسی دۆزی کوردیش هاتە کایەوە، پرسی ناسنامەی کورد هەر بە بێ چارەسەری مایەوە. جارێك بە هاووڵاتیانی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ و جارێك بە هاووڵاتیانی تورکی بە ڕەچەڵەك کورد و دوا جاریش بە هاووڵاتیانی کوردی “تورکیا جمهوریەتی دەولەتی” پێناسە کران. واتا لەو وڵاتە تا ئێستاش ناسنامەی گەل بە کورد نەدراوە.
لە سوریای بەعسیشدا باسی کورد یا هەر لە ئارادا نەبوو، یا بە کەسانێك دادەنران کە لە بەر چەوساندنەوەی تورك پەنایان بۆ سوریا هێناوە و بوونەتە میوان لەوەی پێیان دەوت “نیشتمانی عەرەبی”. کاتێکیش کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بوون بە فاکتەرێکی چالاکی ڕووداوەکان، ئەوا لە باشترین حاڵەتدا بوون بە هاووڵاتی و بەشێکی گرنگی تەونی کۆمەڵایەتی سوریا “النسیج الإجتماعي السوري”. لەمەدا جیاوازییەکی ئەوتۆ لە نێوان حکومەتی بەعسی زۆردار و نەیارەکانیدا بەدی ناکرێت.

لە ئێرانی ویلایەتی فەقیهدا، کە فارس لە سەر هەموو ئاستەکان گەلی باڵادەستە، ئەوەندەی ئاگاداربم کورد تەنها وەك : کوردەکان، خەڵکی کوردی موسوڵمان، کوردانی ئێرانی ..تاد باس دەکرێن، نەك وەك گەلێکی جیاوازی خاوەن تایبەتمەندی.
بە درێژایی مێژووی دەوڵەتی عیراقیش پێناسەی جیاواز بۆ کوردی باشوری کوردستان کراوە، وەك: برایانی کورد، برایانی باکوری خۆشەویستمان، هاووڵاتیانی کورد، لە سەردەمی بەعسیشدا، کە خۆی کردبوو بە خاوەنی هەموو شتێک، زۆر جار دەستەواژەی گەلی کوردمانی بەکاردەهێنا. کاربەدەستان و سیاسەتمەدارانی عیراق لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ بە گشتی دەستەواژەی گەلی کوردیان بەکاردەهێنا. عەببادی بۆ خۆیشی هەروا بوو، بۆیە ئەم پێداگرتنەی لە سەر بەکارهێنانی هاووڵاتیانی کورد لێکدانەوەی زۆر هەڵدەگرێت.

دیارە ئەو دەزانێت، یا بەئاگا هێنراوەتەوە، کە داننان بە کوردا وەك گەل مافی تەواوی دەداتێ بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی خۆی. لە کاتێکدا باسکردنی کورد وەك هاووڵاتیانی عیراق تەنها لە چوارچیوەی مافەکانی مرۆڤ و مافی هاووڵاتیبووندا هەڵس و کەوتیان لە گەڵدا دەکرێت. ئەم بارە نەك تەنها لە نێوخۆی وڵاتاندا وایە، بەڵکو لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیش هەر بەم شێوەیە. لە ڕاستیشدا وڵاتانی دونیا تا ئێستا لە تەك کوردا تەنها وەك هاووڵاتیانی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان هەڵس و کەوتیان کردووە، بۆیە پشتگیری و هاوسۆزییان تەنها لە بوارەکانی مافی مرۆڤ و مافە کولتوری و مەدەنییەکاندا بووە. ئەگەر مەبەستی دەسەڵاتدارانی عیراق لە بەکارهێنانی دەستەواژەی هاووڵاتیانی کورد ئەمە بێت، ئەوا ئەمە دەبێت بە پاشگەزبوونەوەیەکی ترسناکی دیکە لە پێگەی سیاسی و قانونی گەلی کوردا لەم وڵاتە، هەروەها دەبێت ببێ بە پاڵنەر و فاکتەرێکی تری بەهێز بۆ هەوڵی سەربەخۆیی کوردستان و خۆ ڕزگارکردن لە کۆت و بەندی دەوڵەتی دۆزەخی داگیرکەری عیراق.

بە ئاگادارى نوسەر بڵاوکراوەتەوە

بڵاوکردنەوە لە

بۆچوونێک بنووسە