یەکێتى ڕاگەیەندراوێکى بڵاو کردەوە

0

ناوین: هەولێر

سێ شەممە ١٣-٦-٢٠١٧ كۆبوونه‌وه‌ی نێوان پارتی دیموکراتى کوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانى کوردستان دوور له‌ چاوی میدیاكان له‌ شاری هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چووه‌، چه‌ند پرسێكی گرنگ یه‌كلاكرانەوە گرینگترینیان ب كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان, بۆ ئەو مەبەستە یەکێتى ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

راگه‌یه‌نراوى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان له‌باره‌ى چۆنیه‌تى كاراكردنه‌وه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان

له‌میانى هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌كانى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌گشتى و یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان به‌تایبه‌تى بۆ كاراكردنه‌وه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان و داكۆكی هه‌مه‌لایه‌نه‌ بۆ كاریگه‌رى كاراكردنه‌وه‌ى په‌رله‌مان و كۆبوونه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌كانى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌ بزووتنه‌وه‌ى گۆڕانیشه‌وه‌ و كۆبوونه‌وه‌ دووقۆڵییه‌كانى نێوان یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان و پارتى دیموكراتى كوردستان بۆ چۆنیه‌تى گرنگى كاراكردنه‌وه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان.

ئه‌مڕۆ ١٣-٦-٢٠١٧ له‌ شارى هه‌ولێر وه‌فدی باڵای یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تى كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لى جێگری یه‌كه‌مى سكرتێری گشتى و مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوى ده‌سته‌ى كارگێڕی و سه‌عدى ئه‌حمه‌د پیره‌ ئه‌ندامى مه‌كته‌بی سیاسی و پارتى دیموكراتى كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تى نێچیران بارزانى دوور له‌ چاوى كامێرا كۆبوونه‌وه‌و بیروبۆچوون و بنچینه‌كانى كاراكردنه‌وه‌ى په‌رله‌مانیان گه‌ڵاڵه‌كرد، سه‌ره‌نجام دواى گفتوگۆیه‌كى به‌رپرسانه‌ له‌سه‌ر پرسه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى نیشتمانى و كوردایه‌تى كۆمه‌ڵێك بۆچوونى هاوبه‌شى مێژوویی ساغكرانه‌وه‌، هه‌ره‌ گرنگیان كاراكردنه‌وه‌ى په‌رله‌مان و كردنه‌وه‌ى په‌رله‌مانیشه‌ به‌ ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى فه‌رمى په‌رله‌مانه‌وه‌.

ئێمه‌ له‌ یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان ناڵێین مژده‌بێ بۆ خه‌ڵكى كوردستان، به‌ڵكو وه‌ك ئه‌ركى یاسایی و سیاسی و دیموكراسی خۆمان توانیبێتمان له‌ كۆبوونه‌وه‌ گشتییه‌كانى هێزه‌ سیاسییه‌كان و كۆبوونه‌وه‌ تایبه‌تییه‌كانى یه‌كێتى و پارتى و كۆبوونه‌وه‌ دوو قۆڵییه‌كانى یه‌كێتى و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ به‌ڕێز مه‌سعود بارزانى توانیومانه‌ بڕیار و په‌یامى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى و مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان به‌ شێوه‌یه‌كى گونجاوى دوور له‌ هه‌ڵچوون و داچوون و موزایه‌ده‌ى سیاسی ئارام ئارام بگه‌یه‌نین و بیگه‌یه‌نینه‌ ئه‌نجام.

ئومێده‌وارین ئه‌م هه‌نگاوه‌ باشه‌ هه‌نگاوى باشتری به‌دواوه‌بێ و هه‌موو پێكه‌وه‌ له‌ناو هۆڵی شه‌رعى په‌رله‌مان وه‌ك باڵاترین مه‌رجه‌عى یاسادانان دوور له‌ گۆشه‌گیری حزبایه‌تى ئه‌ركه‌ سیساسی و یاسایی و دیموكراتییه‌كانمان راپه‌ڕێنین، هاوكات حكومه‌تیش یه‌كبگرێته‌وه‌ به‌ ئومێدی ئه‌وه‌ى هه‌موومان پێكه‌وه‌ كێشه‌ى ته‌نگ پێهه‌ڵچنراوى گوزه‌رانى خه‌ڵك چاره‌سه‌ر بكه‌ین و زه‌مینه‌یه‌كى ره‌خساو بۆ ریفراندۆمێكى كۆده‌نگى نیشتمانى كه‌ په‌رله‌مان په‌سه‌ندى بكات و به‌هه‌موو لایه‌ك جێبه‌جێی بكه‌ین.

به‌ شایه‌نى گه‌له‌كه‌مان و ئه‌ركى خۆمانى ده‌زانین جه‌خت بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر ورده‌كارى ئه‌م بڕیاره‌ گشتییانه‌ ئه‌ركى نه‌ته‌وه‌یی و یاسایی و كۆمه‌ڵایه‌تى هه‌موو لایه‌كمانه‌، به‌ تایبه‌تى له‌م قۆناغه‌دا كه‌ ناوچه‌كه‌ به‌ قۆناغێكى سیاسیا تێده‌په‌ڕێ، كه‌ ئه‌گه‌ر و نیگه‌رانى سیاسی ئیقلیمى جۆراوجۆری تیایه‌، به‌ تایبه‌تى دواى شه‌ڕی داعش.

بڵاوکردنەوە لە

بۆچوونێک بنووسە