جزیەکەى ئەمساڵى سەرۆکى ئەمریکا

0

هەڵوێست میرانى

جزیە لە بنەرەتدا وشەیەکى عەرەبیە ( جزي ) واتا پاداشت لە بەرامبەر کردار , ( جزاه بما صنع) , پێشتر لە لایەن خەلافەتە یەک لە دواى یەکەکانى ئیسلام جزیە لە خیزان و کۆمەلگا غەیرە موسڵمانەکان وەردەگیرا لە بەرامبەر پاراستنى گیانیان و فەراهەم کردنى ئاسایش بۆ خیزانەکانیان لە لایەن خەلافەتى ئیسلامیەوە, ئەو دوو دێرەى سەرەوە ڕوونکردنەوەى وشەى جزیەیە کە لە ناونیشانى نوسینەکەم ئاماژەم پیداوە بۆ ئەوەى خوینەر لاى ڕوونتر بێت , دەنا مەبەستى بەندە لە ناوەرۆکی نوسینەکە ئەو پارە زۆر و زەوەندەیە کە سەرۆکى ئەمریکا لە یەکەم گەشتى بۆ ڕۆژهەلاتى ناوەڕاست کۆیکردەوە , دۆناڵد ترەمپ دوێنێ شەو لە تویتیکدا نوسیویەتى “بەسەدان ملیار دۆلارمان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێناوەتەوە بۆ ئەمریکا ، ئەمەش واتە رەخساندنی هەلی کاری نوێ”

زۆرینەى ئەو سەدان ملیار دۆلارە کۆکراوەیە لە گیرفانى شانشینى سعودیە بوو, کە یەکەم گەشتى دۆنالد ترەمپ بۆ دەرەوەى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا دواى هەڵبژاردنى وەک سەرۆک شانشینى عەرەبستانى سعودیە بوو, زیرەکى سەرۆکە بازرگانەکە لەوەیە دەزانى کام وڵات خەزێنەى پڕە و ملکەچە تا کلیلى خەزینەکەى تەسلیم بکات, سەردانى ترەمپ بۆ سعودیە لە میانەى لوتکەى ئیسلامى – عەرەبى – ئەمریکی بوو کە لە ریازى پایتەختى سعودیە گرێدرا, کە بەشیکى زۆر لە سەرکردەى وڵاتانى عەرەبى و ئیسلامى بانگهێشتى لوتکەکە بوون, ئەو بڕە پارەیەى لە ئەنجامى کۆى رێککەوتنەکانى نێوان ئەمریکا و سعودیە بە ٤٠٠ ملیار دۆلار خەملێنراوە ئەویش بە پێى ڕاگەیەندراوى کۆشکى سپى هاتووە کە رێککەوتنەکان لە بوارى سەربازى و نەوت و غاز بووە, جگە لە خەڵاتى شا عەبدولعەزیز کە بەرزترین خەلاتى زێڕینى سعودیە دێت کە شا سەلمان بەخشیە دۆناڵد ترەمپ و لەگەڵ چەندین دیارى و خەڵاتى گرانبەهای تر لە لایەن شاى سعودیە و بەرپرسانى ئەو وڵاتە بەخشرایە خیزان و کچەکەى ترەمپ و وەفدى ئەمریکا.

ڕوونە رێککەوتنە سەربازیەکان لە پێناو بەهێز کردنى سوپاى سعودیە دیت کە جۆرێک لە گرێنتى مانەوەى شانشینى سعودیە و شا و شازادەکان لە دەسەلات دەدات, دیار نیە چەندی ملیار دۆلارى ترى لە ولاتانى تر وەرگرتووە , بەڵی مەسیجەکەى دۆناڵد ترەمپ جێگاى خۆى گرت و بە گوێى سعودیە و ئەو وڵاتانەى چرپاند جزیەى ئەمساڵم لێتان وەرگرت کە سەدان ملیار دۆلار بوو, ئەویش لە پیناو پاراستن و مانەوەتان..

تویتەکەى ترەمپ لە تویتەر

بڵاوکردنەوە لە

بۆچوونێک بنووسە