پەیکەری فەرمانگە

پێكهاتەی كارگێری

بەپێی ڕێنماییە فەرمییەکان، فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان لە حەوت بەڕێوبەرایەتى سەرەکى پێک دێت کە هەركامه‌یان لە ژێر ڕۆشنایى ڕێنماییەکان، کارو ئه‌ركه‌كانیان بە شێوەیەکى کارامه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن.

ئەرکى بەرێوبەرایەتیەکان لەمانەى خوارەوە پێک دێت:-

  • بەڕێوبەرایەتى پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان: ئەرکى سەرەکى ئەم بەڕێوبەرایەتییە بریتیەلە ڕێکخستنى پەیوەندییە دوولایەنه‌ی نێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و وڵاتانى بیانی. ئەم بەرێوبەرایەتییە ڕۆژانە ڕێکخستنى کارەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان ده‌كات له‌بواری پەیوەندیی لەگەڵ دونیاى دەرەوە بە تایبەتى لەگەڵ ئەو وڵاتانەى کە نوێنەرایەتییان لە هەرێمى کوردستان هه‌یه‌.
  • بەڕێوبەڕاییەتى نووسینگەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە دەرەوە: ئەرکى سەرەکى ئەم بەڕێوبەرایەتییە بریتیە لە ڕێکخستنى پەیوەندییەکانى نێوان نوێنەرایەتییەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە دەرەوە لەگەڵ وەزارەت و فەرمانگە جیاوازەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان له‌ناوخۆ. بۆ ئەم مەبەستە، ئەم بەڕێوبەرایەتییە بۆتە رووکارێک بۆ ناساندنى هەرێمى کوردستان بە دونیاى دەرەوە، به‌تایبه‌تی لە بوارەکانى کلتوورى، رۆشەنیرى، کۆمەڵایەتى و پێشکەوتن.
  • بەڕێوبەرایەتى ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان : رێکخستنى کاروباری نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە حکوومى و ناحکوومییەکانی نێودەوڵەتی ئەرکى سەرەکى ئەم بەڕێوبەرایەتییەیه‌، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ بە خاڵى ده‌ستپێكردنی پەیوەندییه‌كانی فەرمانگەى پەیوەندییەکانى حکوومەتی هه‌رێم لەگەڵ ئاژانس و رێکخراوەکانى سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هەژمار دەکرێت. ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ کار دەکات بۆ پەرەپێدان و پێشخستنى پەیوەندییەکانى نێوان حکوومەتى هەرێم و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كه‌ لە هەرێمى کوردستان چالاكی ده‌نوێنن.
  • بەڕێوبەرایەتى پڕۆتۆکۆل و شاندەکان: ئەم بەرێوبەرایەتیە هەڵدەستێت بە ڕاپەڕاندنى کارە لۆجیستیەکانى ئەو شاندە بیانیانەى کە بانگهێشت دەکرێن بۆ هەرێمى کوردستان. ئەم بەشە ده‌ست بە دانان و داڕشتنى بەرنامەیەکى تۆکمە ده‌كات بۆ رێکخستنى بەرنامەى ئەو شاند و میوانانەى کە دێنە هەرێمى کوردستان.
  • بەڕێوبەرایەتى ڕاگەیاندن و پەیوەندیەکان: ئەرکى ئەم بەڕێوبەرایەتییە بریتییە لە جێبه‌جێكردنی کاروبارى پەیوەست بە راگەیاندنى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت له‌بواری بڵاوکردنەوەى کارو چالاکییەکانى فەرمانگە، كه‌ له‌ ماڵپه‌ری فەرمانگەى پەیوەندیەکانى درەوە بڵاو ده‌كرێنه‌وه‌. ئەم بەشە کارئاسانى بۆ ڕؤژنامەنووسان و میدیاکارانى ناوخۆ و بیانى فه‌راهه‌م ده‌كات بۆ ئەنجامدانى چاوپێکەوتن و راپەڕاندنى کارى میدیاىی خۆیان و پێدانى زانیارى دروست سه‌باره‌ت هەرێمى کوردستان ب میدیاكارانی بیانی.
  • بەڕێوبەرایەتى کاروبارى یاسایى: ئەرکى ئەم بەڕێوبەڕایەتییە پێشتڕاستکردنەوەى بەڵگەنامە یاساییەکانە وەک (گرێبەست، بەڵگەنامەى هاوسەرگیرى، بریکارنامە، بڕوانامەى لە دایکبوون، مردن، پێشتڕاستکردنەوەى بڕوانامەى زانکۆ، بەڵگەنامەى هاوڵاتىبوون، پێناس و بارى کەسێتى)، لەگەڵ ئەو بەڵگەنامانەى كه‌ لە ڕێگەى نوێنەرایەتییەکانى حکومەت و باڵێوزخانەکانى عێراق له‌ ده‌ره‌وه‌ پیشتڕاست دەکرێنەوە.
  • بەڕێوبەرایەتى کارگێرى و دارایى: ئەرکى ئەم بەڕێوبەرایەتییە ڕێکخستنى کاروبارى بەرێوبردن، دارایى، پێداچوونەوە و سەرچاوەی مرۆیى فه‌رمانگه‌یه‌. پێشكه‌شكردن و رێكخستنی خزمه‌تگوزاری به‌شێكی تره‌ له ئه‌ركه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كارگێڕی و دارایی.‌

له‌گه‌ڵ پێكهاته‌ سه‌ره‌كییه‌كانی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌، نووسینگەى جێبەجێکارى بەرپرسى فەرمانگە ئەرکى ڕێکخستنى پەیوەندییەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان و هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتى دەرەوەى عێراقى و باڵێۆزخانەکانى عێراق لە دەرەوە له‌ ئه‌ستۆ دایه‌.